ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

 زه‌وبه‌عی، ئه‌ندام پاڕله‌مان ئێراقی فیدراڵه،یان جێگری سه‌دامه؟!.

den 31 januari 2012 20:40:13
نه‌جمه‌دین شێخ بزێنی
سوید
زه‌وبه‌عی، ئه‌ندام پاڕله‌مان ئێراقی فیدراڵه،یان جێگری سه‌دامه؟!.
هه‌ر وه‌ک ئاشکرایه له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ناڕه‌وایانه‌ی حکومه‌تی ئێراقه‌وه،که‌ به‌بێ گویدانه داخوازی و ڕه‌زامه‌ندی گه‌لی کورد له‌سه‌ری، پێک هات و ده‌ستوری شانشینیی سه‌پێندا به‌سه‌ریدا، خۆ دیاره که گه‌لی کورد، خه‌ساره مه‌ندی یه‌که‌م بوو، له پێشێلکاری کردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی و ئازادی و سیاسیدا!.
جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دژایه‌تیه‌کی ئاشکراو به‌ربه‌ڵاوی قێزه‌وه‌نیان پێشان نادا، به‌رانبه‌ر به ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد، به‌ده‌ر له ‌سه‌رکوت کردنی شۆڕشه پیرۆزه‌ یه‌ک له‌ دووای یه‌که‌کانی! هه‌رچه‌نده له ‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی چاڵه نه‌وته‌کانی بابه گوڕگوڕ و هه‌ست کردنیان به پیت و به‌ره‌که‌تی ناوچه‌که، هه‌ر زوو ده‌ستیان کرد به داڕشتنی نه‌وخشه‌و پلان، بۆ گۆڕینی دیموگرافی نه‌ته‌وایه‌تی،به‌تایبه‌تیش به‌عه‌ره‌ب کردنی که‌رکوک، به‌لام به شێوازێکی زۆر ژیرانه‌و له ‌سه‌ر خۆ هه‌نگاویان بۆ ئه‌نا، تاکو سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی١٤ ته‌موزی ١٩٥٨. که ڕژێمی پادشایه‌تی سه‌ره‌نگون کراو، ده‌سه‌ڵاتێکی کۆماری نادیار له‌ بوواری سیاسیه‌وه، هاته کایه‌وه!.
خۆ گومان له‌وه‌دا نیه، هاتنه‌کایه‌ی ئه‌و شۆڕشه، له‌لایه‌ن تاکه پارتێک، وه‌یان گروپێکی سه‌ربازیه‌وه نه‌بو، به‌ڵکو به به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراوی سیاسیانه‌‌ی هاوبه‌ش، له نێوان حزبی شیوعی و پارتی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتراکی و پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومیه‌ ناسریه‌کان و ئه‌فسه‌ره ئازادی خوازه‌کان بو. هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشه‌که‌دا، ئه‌و پارت و ڕێکخراوه سیاسیانه، بنکه‌و باره‌گاکانی خۆیان زۆر زوو ئاشکراو دیاری کرد، که یه‌ک له‌وانه پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی نه‌مر بو، که تاکه پارتی نه‌ته‌وایه‌تی و کوردایه‌تی گه‌لی کوردبو له‌و سه‌رده‌مانه‌‌دا!. جا ئه‌وه‌ی که ئێمه مه‌به‌ستمانه له ناوه ڕۆکی ئه‌‌م ووتاره‌دا ده‌ری ببڕێن، ئه‌‌لێره به‌دواوه ده‌ست پێ ئه‌کات!!.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانه‌وه،که‌ ناصریه‌کان و به‌عسیه فاشیستیه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست له ئێراق، ڕاسته‌وخۆ پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ی زانیاری و ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیان گۆڕی به‌ جۆرێک، که ته‌نها له ‌خزمه‌تی هه‌ستی ڕه‌گه‌ز په‌رستی نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بیدا بێت، له ژیر دروشمی ( أمة عربیة واحدة، ذاة رسالة خالدة، وحده، حوریه، إشتراکیه)دا،په‌ره‌یان به‌تێکۆشانی‌ خۆیانداو، که‌وتنه وێزه‌ی گه‌لی کورد، وه‌کو په‌ره‌ پێدانی به‌عه‌رب کردنی خاکه‌که‌‌ی به‌چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر، له‌وانه: ده‌ربه‌ده‌رکردن، به بیانوی ئه‌وه‌ی کوڕی وه‌یان خزمی نزیکی پێشمه‌رگه‌یه‌، وه‌یان کاتی خۆی له‌ سنوری قه‌زاو ناحیه‌کان هاتۆته ناو شاری که‌رکوکه‌وه، وه‌یان ئه‌بو پێناسه که‌ی بگۆڕێ بیکات به‌عه‌ره‌بی و ببێت به به‌عسیش، تا کار کردنیان گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی، به ماف پێشێلکاریشه‌وه نه‌وه‌ستان به‌رانبه‌ر به‌گه‌لی کورد، به کافر و له ڕێ لاده‌ری ئاینی له قه‌ڵه‌میان داو، له‌ سه‌ر ڕۆشنایی سوره‌تی ئه‌نفال له قورئاندا، شاڵاوی پاکتاوی ڕه‌گه‌زییان ده‌ست پێ کرد و سه‌رجه‌م، زیاتر له(٢٠٠) هه‌زار مرۆڤی نێر و مێی کوردی سڤیلی بێ تاوانیان، به‌کوشتن و بردن و زینده به‌جاڵ کردن له‌ناو برد، به ‌جۆرێکی هێنده دڕندانه‌و‌ بێ به‌زه‌‌ییانه،مه‌گه‌م ته‌نها نازیه‌کان به‌رانبه‌ر به‌جوله‌‌که ئه‌نجامیان دابێت، تا گه‌یشته ئه‌وئاسته‌ی، که ئوێژدانی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ژاند، که‌وتنه خۆیان و هۆپیان له ‌هێزی دڕندانه‌ی خۆێن ڕێژی به‌عسی سه‌دامی کردو، سنورێکی ئارامیان هێنایه کایه‌وه بۆ گه‌لی بێ چاره‌‌و بێ پشتیوان!!.
جا هه‌رچه‌نده که سه‌دام حوسین و ڕژێمه بۆ گه‌نه‌که‌ی له‌ناو چونه، به‌لام گومان له‌وه‌دا نیه،که‌ ئه‌و جیله‌ی به‌عس په‌روه‌رده‌ی کردون و مێشکیان زاخاو دراوه، به پرۆگرامێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی قیزه‌وه‌ن، ئه‌مڕۆ بونه‌ته جێگره‌وه‌ی هه‌مان داروده‌سته‌که‌ی ئه‌و ڕژێمه له‌ناو چووه‌و،له ‌ناخدا‌ باوکه ڕۆیانه‌و ئاواتی هه‌ره گه‌وره‌یان، داهێنانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و رژێمه دیکتاتۆریه خوێن ڕێژه‌ له ‌‌ناو چووه‌ن، به شێویه‌کی ژیرانه هه‌نگاوی بۆ ئه‌نێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه،خۆیان پێیان وایه، هیچ که‌س هه‌ست به‌وهه‌ڵوێسته بۆگه‌نا‌نه‌یان ناکات، دیاره ئه‌وه‌ش هۆکاری گیلایه‌تیانه!!.
به‌ پێی ڕاگه‌یاندنی ئاژانسی په‌یامنێر، له ڕیکه‌وتی ٢٦/ ١/ ٢٠١٢دا. عبدولسلام زه‌وبه‌عی، له سه‌ر لیستی ئێراقیه‌و، کۆنه جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێراق، له پرێس کۆنفراسێکدا له هه‌ولێر، داوا له لیستی ئێراقیه ئه‌کات، که په‌نا گیریان بشکێنن و بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بگه‌ڕینه‌وه. ئه‌ڵێت داوامان کردووه،که ‌ڕێچکه‌ی لیستی ئێراقیه له نێو خۆیدا ڕاست که‌ینه‌وه، چونکه دوو پڕۆژه له نێو لیسته‌که‌دا هه‌یه‌، یه‌که‌میان له‌لایه‌ن ئه‌وخۆ ویست و به‌رژه‌وه‌ند خووازانه‌وه‌یه،که هۆکاربون بۆ داگیرکردنی ئێراق. دوهه‌میشیان ئه‌وبازرگانانه‌ی نێو لیستی ئێراقیه‌ن، که‌وابه‌سته‌و گرێدراوی ئه‌جندای ده‌ره‌کین و چاکه‌ی ئێراقیان ناوێت!.
ده‌رباره‌ی تاریق هاشمیش، ڕونی کردۆته‌وه له نێو لیستی ئێراقیه کراوه‌ته ئامانج و به‌ڵگه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌ی بۆ بسه‌لمێنێت، هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه که(هاشمی) ناسنامه‌ی سیاسی نیه‌و، ئه‌وی به چونه ده‌ره‌وه‌ی له‌حزبی ئیسلامی ئێراق، سیاسیه‌کی مردووه. بێجگه له‌ چونه به‌رده‌م دادگا، هیچ ڕێگه چاره‌یه‌ک تری نیه بتوانێت بێ تاوانی خۆی بسه‌لمێنێت.
ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره گێله‌ی سه‌ر لیستی ئێراقیه، گازه‌نده‌ی له هاوپه‌یمانی کوردستان و سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی و ئه‌وه‌شی که تێیدا بڕیار به‌ده‌سته کردووه، به‌وه‌ی که که‌سانی توند ڕۆ، له نێو خۆیاندا جێ ده‌که‌نه‌وه، که هه‌وڵیان بۆ له ‌باربردنی پێوه‌ندیه‌کان و نانه‌وه‌ی فیتنه‌و، هه‌ڕه‌شه‌ له ناسنامه‌ی ئێراق ده‌که‌ن!!.
هه‌روه‌ها، ئه‌م فه‌ریکه سیاسیه له خۆ بایی بووه، ئه‌ڵێ ئاگاداری نوری مالیکی ئه‌کاته‌وه،یا ئه‌وه‌ته ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ستوری و یاسایی خۆی به‌کار ببات و خزمه‌تی هاووڵاتیانی بکات، یانیش داوای لێ بوردن له ‌گه‌له‌که‌ی بکات و بڵێت، که من شیاوی ئه‌وه ‌نیم حکومه‌تێکی به‌ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌کانه‌وه پێک بهێنم!.
به‌ڵێ زۆر ڕاستیان فه‌رمووه که وتویانه: ئه‌وه‌ی له مشک بێت جه‌واڵ دڕه. ئه‌و جیله‌ی که‌له‌ ته‌مه‌نی ڕژێمی به‌عس و دیکتاتۆری گۆڕ به‌گۆڕ(سه‌دام‌حوسێن) له‌دایک بووه‌و په‌روه‌رده کراوه به ئایدیۆلۆژیکه گه‌ڵاوه‌که‌یان که‌ سه‌ری خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یانی له‌ناو برد، هه‌مان هه‌ڵویست و ڕێچکه‌ی ئه‌وان ئه‌گه‌رنه به‌ر!!.
ئه‌گه‌ر به‌وردی سرنج بده‌یته‌ لێدوان و بۆچونه‌کانی ئه‌م فسفس پاڵه‌وانه" سه‌لام زه‌وبه‌عی" هه‌مان شێوه‌ی له خۆبایی بونه‌که‌ی سه‌دام دێته‌وه یادت، هه‌روه‌ک له کۆنگره‌یه‌کی، وه‌یان کۆبونه‌وه‌یه‌کی فراوانی به‌عسدا برێس کۆنفراسه‌که بگێڕێت و هه‌رخۆشی خاوه‌ند بڕیاربێ ئه‌دوێت،له یه‌ک کاتدا، هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌کانی ئێراق و کوردستان تۆمه‌تبار ئه‌کاو، ڕێگه چاره‌ی بۆ تاریق هاشمی و نوری مالیکی، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێراق دیاری ئه‌کات و هیچ هه‌ست به وه‌ش ناکات، ئه‌و شه‌کره‌ی ئه‌یشکێنێت، له ‌ناو پیساییدا هه‌ڵێ گرتۆته‌وه‌و،‌ به‌کاری نیشاندان نایه‌ت!!.
نامانه‌وێت بچینه قوڵایی شرۆڤه کردنه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه بۆ ئاگادر کردنه‌وه‌ی سه‌لام زه‌وبه‌عی، هه‌ر ڕۆشنبیریک، ئه‌و بۆچون و ووتانه‌ی له‌و پرێس کۆنفراسه‌دا ده‌ری بڕیوه چاو پێ بکه‌وێت، بۆی ده‌رئه‌که‌وێت، که سه‌لام زه‌وبه‌عی، ئه‌یه‌وێ نه‌ک به‌ په‌لارێک ته‌نها دوو باڵنده بکوژێ وه‌کو باوه، به‌ڵکو ئه‌و ڕێچکه‌یه‌شی شکاندووه، ئه‌یه‌وێت سێ باڵنده پێکه‌وه بپێکێت: که کورد و شیعه‌‌و به‌شێکی زۆری سونه‌یه!!.
سه‌لام زه‌وبه‌عی خه‌ون به‌ ده‌وڵه‌تێکی ناوه‌ندی به‌ هێزی شۆڤێنیستیه‌وه ئه‌بینێ، وه‌ک ده‌وڵه‌ته دره‌نده‌که‌ی ڕابوردو، که به‌عسی فاشیستی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی ئه‌کرد، له ‌ژێر چه‌تری سه‌دامی خوێن مژدا، گومان له‌وه‌شدا نیه، ئه‌وه خه‌ونی چۆله‌که‌یه‌و، هه‌رگیز جارێکی دیکه نایه‌ته‌وه دیی، مه‌گه‌م به‌ جیابونه‌وه‌ی کوردستان له ده‌وڵه‌تی ئێراق، که ئاواتی له مێژینه‌ی گه‌لی کورده به‌گشتی!!.
ئه‌وه‌ی ماوه ‌له کۆتاییدا ئاماژه‌ی پێ بکه‌م ئه‌وه‌یه، سه‌لام زه‌وبه‌عی له ‌گازه‌نده کردنه‌که‌ی، له هاوپه‌یمانی کوردستان و سه‌رکردایه‌تی و ئه‌وه‌ی بڕیار به‌ده‌سته تێیداو، ئاماژه‌ی به‌وه کردووه: که‌سانی توند ڕۆ له نێو خۆیاندا جێ ئه‌كه‌نه‌وه. دیاره مه‌به‌ستی زه‌وبه‌عی لێره‌دا، که‌سانی خاوه‌ند هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وایه‌تی پیرۆز و دڵسۆزه، که هه‌میشه ئاواته خووازی سه‌ربه‌خۆیی کورد و کوردستانن!!.
منیش به زه‌وبه‌عی ئه‌ڵێم: با خۆیو هاوبیران و ئاغاکانیشی، زۆر باش له‌وه‌ش دڵنیابن، هه‌ر تاکێکی کوردی نیشتمان په‌روه‌ر، نه‌ک ته‌نها له کوردستاندا، به‌ڵکو له ‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا، به‌ ئه‌مه‌ک و دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی بێت،ئاواته خووازی جیابونه‌وه‌و دروست بونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانه،قه‌بوڵ کردنی پێکه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی عه‌ره‌بدا، نزیک که‌وتنه‌وه‌یه له شه‌یتان، دورکه‌وتنه‌وه‌ له ئێوه‌ی ڕه‌گه‌ز په‌رست، نزیک که‌وتنه‌وه‌یه‌ له خودا! هه‌ر بویه ئه‌ڵێم، ئه‌و‌کاته‌ی ئه‌و ووشه‌یه‌ی به ده‌ما هات، ئه‌بوایه هه‌ر کوتو پڕ، پشتی ملیان بگرتایه‌و له‌کوردستان توڕیان هه‌ڵبدایه‌ته ده‌ره‌وه،چونکه توند ڕۆی ئاژاوه نێره‌ره‌وه، به‌ڕاستی خۆیو هاو بیرانیه‌‌تی، چونکه له ڕاستیدا، ئه‌و به‌‌ ڕه‌واڵه‌ت و یاسا ئه‌ندام پاڕله‌مانی ئێراقی فیدراله، به‌ڵام له ناخدا، نوێنه‌ر و جێگری سه‌دام حوسێنی له ناوچووه!!!.

 

 

 

 

 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

 

 

 

 

 

 

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌