ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

  لایه‌ن و لایه‌نگر له کوردۆسایت‌ـ دا‌

den 27 januari 2012 19:32:59
لایه‌ن و لایه‌نگر له کوردۆسایت‌ـ دا‌

به‌ڕیزان سڵاو
له کوردۆسایته‌وه ده‌گه‌ڵتان ده‌دوێین
له به‌رنامه‌ی ئه‌وڕۆماندا، ویستمان وتووێژێک پێکبهێنین به‌ڵام نه‌مان ده‌زانی ده‌گه‌ڵ کێ..... ؟
دیاره بابه‌ته‌که‌مان له‌سه‌ر ..... بوو، به‌ڵام که‌سمان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت له‌و بواره‌وه ده‌گه‌ڵمان بدوێ.
هه‌رچۆنێک بوو له که‌لێنه‌که‌وه، چه‌ند که‌سێکمان په‌یدا کرد که له قوژبنێکی ئه‌و دنیایه، به‌دوور له چاوی خه‌ڵک، پێکه‌وه ده‌دوان. هه‌رجوریک بوو، به‌ پاڕانه‌وه و لاڵانه‌وه ڕازیمان کردن چه‌ند ساتێکمان ده‌گه‌ڵ بدوێن. ئه‌ویش به ترس و له‌رزه‌وه، چاویان له‌ولا و له‌ملا کرد و، گووتیان قیل و سیا، با ده‌سپێبکه‌ین.
ــ کاکه گیان سڵاو، تکایه ده‌کڕێ خۆتان بۆ خوێنه‌رانی ئێمه بناسێنن؟
ـ به‌ڵێ، من نێوم کارۆیه و لایه‌نی ئه‌ولایه‌م
ــ منیش ناوم باڵۆیه و لایه‌نی ئه‌م لایه‌ی‌ترم
‌ــ من ناوم بێزاره. لایه‌نی شتاقه‌لا نیم، لایه‌نگرم

ـ ده‌کرێ مێژووی درووست بوونی لایه‌نی ئه‌ولا و ئه‌ملا بۆ خوێنه‌رانی ئێمه باس بکه‌ن؟

کارۆ : لایه‌نی ئه‌ولا و ئه‌ملا، میژۆکه‌ی ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ دوور. دیاره سه‌رێکی له‌ناو خودی مێژوو دایه. یانی مێژوو ده‌گه‌ڵ رووداوه‌کان ژیاوه و ژیانیش خۆی له‌خۆیدا رووداوێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره. بۆیه شانازی خوڵقاندنی کاره‌ساته‌کان زۆرتر بۆ خودی رووداوه مێژووییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ــ ده‌کرێ روونتر بۆمان بدوێی؟
ــ به‌ڵێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که دامه‌زراندنی لایه‌ن له‌سه‌ر ڕیشه‌ی "جه‌ناح" واته ده‌سته درووست بووه. دیاره زۆر هه‌وڵدراوه و ئاره‌قه‌ی بۆ ڕشتراوه هه‌تا "جه‌ناح" پێک هاتووه و ئه‌وجار فرچکی گرتووه و ورده ورده که‌وتۆته داره‌داره و، له ئاکامدا وه‌سه‌ر پێ که‌وتووه و لایه‌نی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. بۆیه ده‌کرێ بڵێم ژێرخانی درووست بوونی لایه‌ن، جه‌ناح و ده‌سته‌یه، به‌مه‌رجێک چاره‌‌ی مێژووی خۆنووسینی لێ‌ ده‌رنه‌کرێ!

ــ ئه‌دی بۆچوونی جه‌نابتان له‌و بواره‌وه چییه کاک باڵۆ؟
ـ منیش پێم وایه له زانستی ئۆرینتالیسم‌ـدا، مۆنوپۆلیزم، نۆستالۆژیای خه‌باتی لایه‌نیسمه و ده‌بێ له داهێنه‌ره‌کانی مۆنومێنت ساز که‌ین و وه‌‌ک دیارده‌یه‌کی پراکماتیزم چاوی لێ‌بکه‌ین هه‌تا....
ــ کاکه.... کاکه ... ببوره، ده‌کرێ ساده‌تر بدوێی هه‌تا من و خه‌ڵک ده‌قسه‌کانت بگه‌ین! ئاخر خۆ من قامووس مامووسم پێ‌ نییه برا. تکایه ئاگات لێمان بێ. من خوێنده‌واریه‌کی ئه‌وتۆم نییه هه‌تا لێت تێبگه‌م... من ته‌نیا نێوی خۆم ده‌توانم بنووسم و نێوی خه‌ڵکیش بخوێنمه‌وه و به‌س...
ــ ئاخر کاکه، ئێمه سیاسین و ڕۆژانه له ناو دنیای سیاسه‌تدا ده‌گه‌ڵ ئه‌و وشانه سه‌روکارمان هه‌یه. هێشتا دڵنیا نه‌بووم چه‌ندم لێ‌تێده‌گه‌ی ده‌نا زۆر سیاسی‌تر ده‌گه‌ڵت ده‌دوام. به‌ڵام قه‌یدی نییه ئاسانتری ده‌که‌مه‌وه...
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر عومر باقی بێ و خوا راست بێنێ، ئه‌رێ پرسیاره‌که‌ت چ بوو؟ ئا... ئا... لایه‌ن، لایه‌ن له تاریکی‌یه‌وه وه‌رگیراوه و به مانای دوارۆژێکی رووناکه..
ــ ببوره باسی دواڕۆژتان کرد، تۆ دوارۆژ چۆن ده‌بینی؟
ــ دوارۆژ وه‌ک هه‌تاو و خۆره‌تاوه، به‌ڕۆژ نه‌بێ نابیندرێ! ئێستا شه‌وێکی تاریکه و مانگیش هێشتا هه‌ڵنه‌هاتووه. خۆره‌‌تاو و تاریکی دوو دیارده‌ی دژبه‌یه‌کن، که‌س پێکه‌وه نایانبینێ. بۆیه ده‌ڵێم دواڕۆژ له‌شه‌ودا نابیندرێ...
ــ ئه‌دی جه‌نابتان چۆنی بۆ ده‌چن کاک کارۆ؟
ــ به‌داخه‌وه، ماوه‌یه‌که چاوه‌کانم له کزێی داوه و دوارۆژی به چاکی پێ‌ نابینم!
ــ ئه‌دی جاران چی؟ جاران که چاوه‌کانت باش هه‌ته‌ریان ده‌کرد، دواڕۆژت باش پێ ده‌دیت؟
ــ جاران دواڕۆژ زۆر گه‌وره‌ بوو. یه‌ک دانه بوو. گه‌شاوه بوو. ده‌تروسکاوه. بینا و نابینا ده‌یبینی! ئێستا ئه‌وه‌نده بچووک بۆته‌وه به "تلسکۆپ‌"یش نابیندرێت.
ــ ده‌کڕی هۆی ئه‌و بچووک بوونه‌وه‌مان پێ بڵێی؟
ــ به‌ڵێ زۆر روون و ئاشکرایه. بچووک بوونه‌وه‌ی گۆی زه‌وی و، زل بوونه‌وه‌ی 10 قا ت و 100 قاتی مرۆڤه‌کان، وای کردووه به‌ری ڕۆژێ بگیرێ و که‌س نه‌توانێ له کازیوه‌ی دواڕۆژ بڕوانێ...
ــ با له‌ دواڕۆژ گه‌ڕێین. باسی ئێستا بکه‌ین. دیسان باسی لایه‌ن. باشه ناکرێ لایه‌ن نه‌مێنێ؟ یان لانیکه‌م یه‌ک لایه‌ن هه‌بێ؟
کارۆ: ئه‌سته‌غفیره‌ڵا... نا کاکه ئه‌وه محاڵه!! چوونکه' لایه‌ن' ڕیشه‌یه‌کی دوولایه‌نه و به‌هێزی له ناو قوڵایی زه‌ویدا هه‌یه که قه‌ت هه‌ڵناقه‌نێ. هه‌موو جارێش له دوولاوه سه‌رده‌ردێنی و وه‌ک لاولاوه به باڵای مێژووه هه‌ڵده‌چێ!
باڵۆ: لایه‌ن له بواری ریشه‌ییه‌وه له لانک ڕا دێت. لانک که‌ره‌سه‌ی پێگه‌یاندنی لاوه. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ لایه‌لایه‌ی ده‌گه‌ڵ بێ ده‌نا که‌س تێیدا خه‌وی لێناکه‌وێ. ده‌ی ئه‌گه‌ر لانک نه‌بێ، خه‌ڵک بێچۆکانی ده‌کوێدا بنوێنێ؟!
ــ ده‌‌ی باشه ئه‌وه لایه‌ن، ئه‌دی بۆچوونتان له‌سه‌ر لایه‌نگر چییه؟
کارۆ: لایه‌نگر؟! لایه‌نگر ئه‌و ته‌یره بێ‌باڵ و بێ‌لانه‌‌یه که له کاتی رێ ونکردندا، سه‌ری لێده‌شێوێ و له‌نه‌کاو به لای لایه‌ندا تێده‌په‌ڕێ و لایه‌نیش به خێرایی ده‌یگرێته‌ خۆی و ده‌سته‌مۆی ده‌کات. ئه‌و جار به بێ ئه‌وه‌ی خۆی بزانێ ده‌بێته لایه‌نگر...
باڵۆ: لایه‌نگر به‌م گرڕ و تینه ده‌ڵێن که له کڵپه‌ی ئاگر هه‌ڵده‌ستێ و به شنه‌بای شه‌ماڵ ده‌له‌ڕێته‌وه و به ئاوی که‌وسه‌ریش نه‌بێ ناکوژێته‌وه....
ــ ئه‌دی به‌ڕێز بێزار تۆ بۆ هیچ بۆچوونێک ناده‌ی؟!
ــ من بێزارم، بێزار له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که جوانیه‌کانی به‌هار داده‌پۆشن. بێزار له ته‌رزه و شه‌خته‌ی سروشت‌کووژ. بێزارله‌و هه‌وره‌ تار و ڕه‌شانه‌ی که له جیاتی باران، خۆڵ، یان ته‌رزه به‌سه‌ر سروشتدا ده‌بارێنن. بێزار له هه‌ناسه‌کانی خۆم و له‌و هه‌ناسانه‌ی که ژینگه ئالوده و چڵکن ده‌که‌ن...
ــ ئه‌دی بۆ مه‌سه‌له‌ی لایه‌نگری ده‌ڵێی چی کاک بێزار؟
ــ لایه‌نگری ئه‌و هه‌سته‌یه له تان‌وپۆی هه‌ناومدا وه‌ک مڵه‌یه‌ک خۆی مه‌ڵاس داوه و ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌قڵمدا ڕه‌نگ ده‌گرێ، له‌ناخمدا ده‌ی شوواته‌وه قه‌ت نایه‌ڵێ شالولی دڵم، له ناو گوڵزاری راستییه‌کان بچریکێنێ
ــ به‌ڕێزان چه‌ند پرسیاری گرینگم ماوه که .....
ــ نا برا نا... ڕاوه‌سته... به داوای لێبوردن، خه‌ریکه دره‌نگ ده‌بێ و خه‌ڵکیش بمانبینێ شانه‌که‌ی ده‌سه‌رماندا ده‌شکێنێ
ــ ببوره ... کام شانه...
ــ لێگه‌ڕێ کاکه لێگه‌ڕێ.... با بمێنێ بۆ کاتێکی دی، ئێستا لای تۆمان خۆش...
ـ زۆر چاکه....
خوێنه‌رانی خۆشه‌ویستی کوردۆسایت، گه‌یشتینه کۆتایی گه‌شته‌که‌ی ئه‌وجاره‌مان، هه‌تا گه‌شته‌کانی دیکه و چه‌ند لایه‌نێکی هه‌ڵکورماوی دیکه له قوژبنێکی دیکه‌ی ئه‌و دنیایه‌دا به خواتان ده‌سپێرم و هیوای لێکدانه‌وه‌یه‌کی باشتان بۆ به‌ئاوات ده‌خوازم.
 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

 

 

 

 

 

 

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌