ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

  پەیامی سازمانی خەبات بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان

den 26 januari 2012 00:58:19
٢ى رێبه‌ندان یادى شه‌ست و شه‌شه‌مین سالیادى دامه‌زراندنى كۆمارى كوردستان به‌رز و به‌رێز بێ
له‌ ٢ى رێبه‌ندانى ئه‌مساڵ یادى ٦٦ه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى كۆمارى كوردستان
 كه‌ به‌ده‌ستى پێشواى نه‌مر پێشوا قازى محه‌ممه‌د كه‌ له‌ مه‌یدانى چوارچراى مه‌هاباد دامه‌زرا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و رێزى لێده‌گرین.
یادێكى مێژوویى كه‌ مایه‌ى شانازى و دڵخۆشی گه‌لى كورده‌ و بیرهێنه‌ره‌وه‌ى ده‌سكه‌وتێكى پرِبایه‌خى گه‌له‌كه‌مانه‌ له‌ قۆناغێك له‌ مێژووى خه‌بات و....كۆڵنه‌دانى نه‌پساوه‌ى نه‌ته‌وه‌یی دا.
له‌ جه‌ریانى شه‌رِى جیهانى دووهه‌م له‌كاتێكدا كه‌ باكوورى و باشوورى وه‌لاتى ئێران كه‌وتبووه‌ ده‌ست هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و ده‌سه‌لاتى شا لێك هه‌ڵوه‌شابوو، رۆڵه‌كانى كورد به‌ قۆستنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌باره‌ بناغه‌ى حكومه‌تێكى لۆكاڵى و كوردیان دامه‌زراند. كۆمارى كوردستان له‌ ٢ى رێبه‌ندانى ١٣٢٤ى كۆچى خۆرى له‌شارى مه‌هاباد به‌ ئاماده‌بوونى كوردانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان له‌ مه‌یدانى چوارچراى ئه‌و شاره‌ به‌ ده‌ست و ده‌نگى قازى محه‌ممه‌د سه‌رۆك كۆمار كوردستان راگه‌یه‌ندرا و به‌مجۆره‌ ئاواتێكى له‌مێژینه‌ى كوردستانیان وه‌دى هات و خۆشی و شادى خسته‌ ناو ماڵى هه‌موو كوردێك.
ئه‌و رووداوه‌ مێژووییه‌ له‌بارى سیاسی ده‌سكه‌وتێكى یه‌كجار مه‌زن بوو و سه‌لماندى كه‌ كورد توانایی خۆبه‌رێوه‌به‌رى و دانانى دام و ده‌زگاى ئیدارى و سیاسی هه‌یه‌ و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆ دیارى كردنى چاره‌نووسی به‌ ده‌ستى خۆى كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ، ته‌مه‌نى كۆمارى كوردستان هه‌ر چه‌ند بۆ ماوه‌ێكى كه‌م درێژه‌ى خایاند و ته‌نیا ١١ مانگ ته‌مه‌نى كرد، به‌لام باشترین نمونه‌ى ده‌سه‌لاتدارى و حكوومه‌تدارى له‌سه‌ر بنه‌ماى خه‌ڵك سالاریى و دادپه‌روه‌رى پێش كه‌ش كرد و هه‌روه‌ها ده‌سكه‌وتى سیاسی و كۆمه‌لایه‌تى و فه‌رهه‌نگى به‌رچاویشى له‌ماوه‌ى كارى خۆیدا تۆمار كرد كه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ دامه‌زراندنى حكوومه‌تێكى مودێرن به‌ دام و ده‌زگا ئیدارییه‌كانى وه‌ك سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیر و كابینه‌ى وه‌زیران و ده‌زگاى دادوه‌رى، په‌ره‌دان به‌ فه‌رهه‌نگ و كه‌له‌پوورى كورد وه‌ك خوێندن به‌ كوردى و ده‌ركردنى كتێب و چاپه‌مه‌نى به‌ زمانى كوردى و باوكردنى شانۆ و په‌ره‌دان به‌ كار و چالاكى ژنانى كورد و دانانى هێزى پێشمه‌رگه‌ و رێكخستن و پێسپاردنى ئه‌منیه‌ت و هێمنى وه‌لات به‌و هێزه‌ له‌خۆبردوویه‌، په‌ره‌دان به‌ هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تى كۆمه‌ڵگا كه‌ له‌وپێوه‌ندییه‌دا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى سووچ و تاوان بكه‌ین و وه‌ك یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین شانازییه‌كانى ماوه‌ى كۆمار هه‌ڵیسه‌نگینین.
هه‌ڵبه‌ت نابێ، بیر ته‌سكى و ده‌مارگرژى نه‌ته‌وه‌یی چاومان له‌حاند هه‌ڵه‌كان ببه‌ستێ و ده‌رفه‌تى ئه‌زموون وه‌رگرتن له‌ رابردوومان لێ زه‌وت بكا. له‌ سه‌رمان پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نه‌ لاوازییانه‌ى بوونه‌ هۆى ته‌مه‌نى كورتى كۆمارى كوردستان ده‌ست نیشان بكه‌ین و ئه‌زموونیان لیوه‌ربگرین، به‌رته‌سك بوونى جوغرافیای كۆمار ته‌نیا له‌ناوچه‌ى موكریان، خۆبه‌ستنه‌وه‌ و پشت به‌ستن به‌ سیاسه‌تى بلۆكى سوسیالیزم كه‌ له‌كۆتایی دا به‌ هۆى به‌رژوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان و سازان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند، پشتى كۆماریان چۆل كرد، راگه‌یاندنى ناوه‌ختى ئیسلاحاتى زه‌وى و زار، رێگه‌دان به‌ هێندێك كه‌س و عه‌شیره‌تى هه‌لپه‌رست و بێ باوه‌ر به‌ كۆمار له‌ناو دام و ده‌زگاى كۆمارى خودموختارى كوردستان كه‌ شایه‌نى پشت پێ به‌ستن نه‌بوون، رێگه‌دان به‌ هاتنى هێندێك بیروباوه‌رى چه‌وت و پێچه‌وانه‌ى بیروبارى جه‌ماوه‌ر ئه‌و هۆیانه‌ن كه‌ كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر شكستى ئه‌و ئه‌زموونه‌ و كۆتایی ته‌مه‌نى.
دامه‌زراندنى كۆمارى كوردستان به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانیه‌وه‌ یه‌كێك له‌و رووداوه‌ مێژوویانه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ وه‌ك ئه‌ستێره‌ێكى پرشنگدار له‌ ئاسمانى كوردستان ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و مایه‌ى شانازى گه‌له‌كه‌مانه‌. پێویسته‌ لایه‌نه‌ به‌هێزه‌كانى كۆمارى كوردستان له‌خه‌باتى ئێستامان دا ره‌نگدانه‌وه‌ى ببێ و به‌هه‌مان شێوه‌ش خۆمان له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى رابردوو بپارێزین. به‌ یه‌كگرتوویی و هاوكارى و برایه‌تى له‌نێومان كاروانى دوردرێژى خه‌باتى نه‌پساوه‌ى گه‌له‌كه‌مان به‌ره‌وپێش ببه‌ین و تا دوائامانجمان كه‌ ئامانجى سه‌رجه‌م شه‌هیدانى سه‌رده‌مى كۆمار و پێش و پاش كۆماریشه‌ له‌خه‌بات و خۆراگرى نه‌وێستین.
له‌ساڵیادى دامه‌زراندنى كۆمارى كوردستان پیرۆزبایی ده‌كه‌ین له‌سه‌رجه‌م كۆمه‌لانى خه‌ڵكى كوردستان و دروود ده‌نێرین بۆ رۆحى پاكى شه‌هیدانى كۆمار و له‌سه‌روویانه‌وه‌ پێشه‌وا قازى محه‌ممه‌د و هیوادارین به‌ خه‌بات و یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رجه‌م مافه‌كانى گه‌لى كورد وه‌دى بێ و داگیركه‌ران و چه‌وسێنه‌رانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ زێد و خاكى باپیرانمان بارگه‌ و بنه‌یان وه‌پێچن.
سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران
كومیته‌ى ناوه‌ندى
١ى رێبه‌ندانى ١٣٩٠
 

 

 

 

 

 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

 

 

 

 

 

 

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌