ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

  پیرۆزبێ دووی رێبەندان رۆژی لە دایکبوونی کۆماری کوردستان

den 23 januari 2012 23:47:27
پیرۆزبێ دووی رێبەندان رۆژی لە دایکبوونی کۆماری کوردستان
رۆژی 2ی رێبەندان، یەکێک لە رۆژە هەرە گرینگ و مێژووییەکانی نەتەوەکەمانە. ئەو رۆژەیە کە نەتەوەی کورد بە رێبەرایەتی پێشەوای زانای خۆی، قازی محەمەد، کۆماری کوردستانی لە بەشێک لە نیشتمانە دابەش کراوەکەیدا راگەیاند.
کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی، ئەو دەسکەوتە بوو کە، دەیان ساڵ بوو کورد خەونی پێوە دەبینی و خەبات بۆ کردبوو و قوربانیی بۆ دابوو. هەر بۆیە دامەزراندنی بووە هۆی گەشەی بیر و بووژانەوەی هەستی نەتەوایەتی کۆمەڵگای کوردەواری.
کۆماری کوردستان لە ماوەی 11 مانگ دا، زۆر بریاری گرنگی دا و گەلێک هەنگاوی بە نرخی لە بواری سیاسیی، نیزامی، کولتوری و کۆمەلایەتی و ئابووری هەڵگرتەوە.
گرینگترین بریاری سیاسی کۆماری کوردستان، خۆ دابڕان لە دەوڵەت داگیرکەری ئێران و رێکخستنی دام و دەزگاکانی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. بەو هەنگاوە کورد هەستی بە بوون و ئازادی خۆی کرد. لە ئاکامی ئەو بریارە مێژووییەدا، هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵات دارێتی، خۆماڵی و نەتەوەیی کران. زمانی کوردی کرایە زمانی رەسمی خوێندن و نووسین، چاپخانە دانرا و هوونەری شانۆ لە ژیانی خەڵک نزیک کرایەوە، سینەمای گەڕۆک دانرا، کۆمەڵێک گۆڤار و رۆژنامەی جۆراوجۆر دەرچوون، بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکان هێزی پێشمەرگە رێکخرا، بێجگە لەو دەسکەوتانە، ژنانی کوردستان بواریان بۆ بەشداری لە ژیانی سیاسی بۆ رەخسا و رێکخراوی تایبەت بە خۆیان دامەزراند. هەروەها، پێکهاتنی پێوەندی توند و تۆڵ لە نێوان کوردی پارچەکانی کوردستان بە گشتی ودەوری بارزانی نەمر و هەڤاڵەکانی لە کۆماردا, یەکێک لە جوانییەکانی کۆمار و دەسکەوتە گرنگەکانی بوو.
ئەو ئەزموونە لە دەوڵەتداری و خۆ بەڕێوەبردنی کورد، لەو سەردەمەدا و لە هەلوومەرجێکدا کە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی تاران، بە دەستی ئەنقەست کوردستانیان لە دواکەوتووییدا راگرتبوو، سەلماندی کە نەتەوەی کورد، ئەگەر بە ئازادیی بژی و چارەنووسی سیاسیی خۆی بە دەستەوە بگرێ، توانای لە هیچ نەتەوەیەکی دراوسێی کە بۆ بەڕێوەبردنی هەمە لایەنەی ژیانی خۆی کەمتر نییە.
بە داخێکی گرانەوە پاش 11 مانگ تەمەنی دەوڵەتی کۆماری کوردستان و دڵخۆشی نەتەوەی کورد، لەشکری تاران بە کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی نێونەتەوەیی پێچەوانەی بەرژەوەندی کورد، پایتەختی کۆماری داگیرکردەوە و کۆماری کوردستان هەرەسی هێنا و پێشەوای سەرکۆمار و برا و ئامۆزایەکی و ژمارەیەکی تر لە کاربەدەستان کە لەگەڵ خەڵکەکەیان مابوونەوە، لە سێدارە دران.
هەرچەندە هەرەسی کۆماری کوردستان و شەهید کرانی سەرکۆمار و هەڤاڵانی ، زەبرێکی گەورەی سیاسی و رۆحی لە کورد دا، بەڵام نەتەوەی کورد تەسلیمی ئەو باروودۆخە نەبوو و رۆڵە تێکۆشەرەکانی لە پارچە دابەشکراوەکانیدا درێژەیان بە خەبات دا و پارێزگاریان لە ناسنامە و بوونی خۆی کرد و ئەمڕۆکەش لە یەکێک لە پارچەکاندا بێگانە بەدەری کردووە و دەسەڵاتی خۆی دامەزراندووە و لە پارچە داگیرکراوەکانیشدا، خەبات و تێکۆشان بەردەوامە و ئاسۆیەکی روونیان بۆ بەدی دەکرێ.
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان – نینا، لە بیرەوەری 66 سالەی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا، پیرۆزبایی لە نەتەوەی کورد دەکا و سڵاو دەنێرێ بۆ گیانی پاکی پێشەوا قازی محەمەد و هاورێکانی. هەرلەوکاتەشدا، ئاواتەخوازە، نەتەوەی کورد، بە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی، جارێکیتر کۆمارە جوانەمەرگەکەی دابمەزرێنێتەوە و ئاواتەکانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان وەدی بێنێ.
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان – نینا
2 رێبەندان 2711
22 ژانویەی 2012
ninaazadiazadi@yahoo.com
ninaazadi.jinan1@gmail.com
TEL: 009647504472889
 

 

 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

 

 

 

 

 

 

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌