ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

 به‌یاننامه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی PAK

den 22 januari 2012 22:10:09
سڵاو له‌ دووی رێبه‌ندان رۆژی به‌ده‌وڵه‌تبوونی کورد
به‌یاننامه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی PAK
به‌ بۆنه‌ی 66هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جهموری کوردستان

رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد!
کوردستانییه‌ ئازادیخوازه‌کان!
تێکۆشەرانی رێگای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان!
2 رێبه‌ندانی 2711 کوردی، 22ژانوییه‌ی 2012 زایینی، 66 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان، تێده‌په‌ڕێ.
66ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی 2ی رێبەنداندا، گۆڕەپانی چوارچرای شاری مهاباد بووە مەکۆی بڕیارێکی مێژوویی نەتەوەی کورد. ئه‌و رۆژه‌، رۆله‌کانی کوردستانی ئازاد، له‌ میتینگێکی جه‌ماوه‌رییدا وەک هەڵبژاردنێکی راستەوخۆ، به‌ ئاماده‌بوونی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و " زه‌عیمی شۆرشی بارزان" و خه‌باتگێڕانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ، ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستانیان راگه‌یاند و پێشه‌وا قازی محەمەد وه‌ک سه‌رۆک کۆمار، سوێندی خوارد که‌: " تا ئاخر هه‌ناسه‌ و ئاخر تنۆکی خوێن، به‌گیان و به‌ماڵ له‌ ڕێی راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستاندا" تێبکۆشێ.
دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان هێمای سوور بوونی کورد له‌سه‌ر ئه‌ستاندنی ئازادیی و وه‌دیهێنانی ئامانجه‌ له‌مێژینه‌کانی بوو؛ پچڕاندنی ئه‌و کۆت و به‌نده‌ بوو خر‌ابووه‌ ملی و ره‌تکردنه‌وه‌ی لکاندنی زۆرداره‌کیی خۆی و خاکی به‌ ده‌وڵه‌تی ئێران و هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و ته‌رتیباته‌ سیاسییه‌ بوو که‌ له‌ دوای کۆتایی شه‌ڕی چاڵدێران و شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانییه‌وه‌ به‌سه‌ر کورددا سه‌پێندرابوو.
پێکهێنانی کۆماری کوردستان، ده‌ریخست که‌ کورد به‌ سه‌رکوت و زه‌بروزه‌نگ و تێرۆر و هه‌ڵواسینی سه‌رکرده‌کانی، له‌ ئامانجی رزگاریی یه‌کجاریی و به‌ده‌وڵه‌تبوون ده‌سهه‌ڵناگرێ و هه‌ر ده‌بێ وه‌دیی بێنێ.
کۆماری کوردستان وه‌دیهاتنی ئاواته‌کانی حه‌زره‌تی خانی و حاجی قادری کۆیی و به‌ری خه‌باتی دوور درێژی کورد و ره‌نج و خوێنی سه‌رکرده‌ مێژووییه‌کانی : میربه‌درخان، شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌هری، شێخ عه‌بدوسه‌لام بارزانی، شێخ سه‌عیدی پیران، سه‌یدره‌زای ده‌رسیم،سمایل ئاغای سمکۆی و مه‌لیکی کوردستان شێخ مه‌حمود و هه‌ڵۆکه‌ی ئارارات ژێنێڕاڵ ئیحسان نووری پاشا بوو له‌و‌ هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌دا.
به‌دامه‌زراندنی جمهوری کوردستان، نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ به‌شێک له‌ نیشتمانه‌که‌یدا بووه‌ خاوه‌ن سه‌ره‌وه‌ریی سیاسیی و ده‌وڵه‌تێکی مۆدێڕنی نه‌ته‌وه‌یی بنیات نا.
ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان متمانه‌ و باوه‌ڕبه‌خۆ بوونی بۆ مرۆڤی کورد گه‌ڕانده‌وه‌، نیشانه‌ و هێما سیاسی و کولتورییه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری له‌ کوردستانی ئازاد سڕییه‌وه‌، کوردی کرده‌ خاوه‌ن ئاڵا و سروودی نیشتمانیی و ئه‌رته‌شی تایبەت بە خۆی‌؛ ناکۆکی و دوژمنایه‌تی له‌ نێو خه‌ڵک و خێڵه‌کان بەرەو نەمان برد؛ زمانی به‌ زۆر سه‌پاوی بێگانه‌ی له‌ خوێندن و خوێندنگاکان هه‌ڵگرت؛ زمانی کوردیی فه‌رمیی کرد؛ رمێنی به‌ خوێندن و خوێنده‌واری دا؛ چاپخانه‌ و رادیۆ و سینه‌ما و شانۆ و کتێبخانه‌ی نەتەوایەتی دامه‌زراند؛ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان که‌وته‌ وتوێژی راسته‌وخۆی سیاسی و مامه‌ڵه‌ی ئابووری؛ رۆژنامه‌ و کۆواری کوردی له‌دایکبوون و فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی قۆناخێکی پرشنگداری به‌خۆوه‌ دیت. بێجگه‌ له‌وانه‌ش، ژنان مافی به‌شداریی له‌ ژیانی سیاسیی و پێکهێنانی رێکخراوه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌سکه‌وت، که‌مایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و دینی و مه‌زهه‌بییه‌کانی ناوچه‌کانی به‌رفه‌رمانی کۆمار وه‌ک هاونیشتمانیی یه‌کسان له‌گه‌ڵ کورد هه‌ڵسووکه‌وتیان له‌گه‌ڵ کرا و له‌گه‌ڵ کۆماری ئازه‌ربایجانیشدا په‌یمانی هاوکاریی دراوسێتی به‌سترا.
کۆماری کوردستان له‌ هه‌رێمێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دامه‌زرا، به‌ڵام ئامانج و ئاواتی هه‌موو کوردی له‌خۆ گرتبوو. کۆمار به‌ ته‌ما بوو، پڕشنگی رووناکییە‌که‌ی بگاته‌ هه‌موو پارچه‌ و به‌شه‌داگیرکراوه‌کا‌نی نیشتمانی داگیر کراو. هه‌ر بۆیه‌ ببووه‌ هێمای یه‌کبوونی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئازادیخوازانی کورد له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی نیشتمانه‌وه‌ به‌ پیر و هانایه‌وه‌‌ چوون و کۆماریش باوه‌شی بۆ ئاواڵه‌ کردن.
هه‌موو ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی یازده‌ مانگ ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستاندا وه‌دییهاتن؛ ماوه‌یه‌ک که‌ بۆ خۆڕێکخستن و خۆ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ته‌نیا چرکه‌یه‌ک‌ له‌ مێژوو ده‌ژمێردرێ؛ ئه‌وه‌ش له‌ کردن نه‌ده‌هات ئه‌گه‌ر ژیریی و دڵسۆزیی گه‌وره‌ سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌ک پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د نه‌بایه‌.
به‌مجۆره‌ له‌ ژینگه‌ و پێکهاته‌یه‌کی کشتووکاڵی و خێڵه‌کییدا، کۆماری کوردستان ره‌شماڵی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕنی نه‌ته‌وه‌یی و سیسته‌می دیمۆکراسیی هه‌ڵدا و وه‌ک چرایه‌ک له‌ تاریکستانی دیکتاتۆریی شاهه‌نشاهی ئێران و تووتالیتاریزمی ناوچه‌که‌دا،دره‌وشایه‌وه‌ .
بەڵام مخابن، کۆماری کوردستان بوو به‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌کان و سیاسەتی جیهانی وسات و سه‌وداکانی رێژیمی داگیرکه‌ری تاران لە گەڵ ئوردوگای فرت و فێڵی ستالینی. ئاستی توانای کوردیش نه‌یتوانی هاوکێشه‌کان به‌ قازانجی خۆی رابگرێ و پیلان و ته‌ون و به‌سته‌ سیاسییه‌کان پووچه‌ڵ بکاته‌وه‌. سه‌ره‌نجام کۆمار ڕووخا؛ سه‌رۆک کۆمار و ژماره‌یه‌ک له‌ باشترین کاربه‌ده‌ست و ئه‌فسه‌رانی کۆمار له‌ مهاباد و بۆکان و سه‌قز له‌ لایان رێژیمی شا و 4 ئه‌فسه‌ره‌که‌ی هه‌یئه‌تی ئازادییش، له‌ عێراق له‌ سێداره‌ دران. خه‌باتگێڕانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ماڵیان لێتێکچوو و په‌ڕه‌وازه‌ بوون.
رووخانی کۆماری کوردستان گورزێکی کاریگه‌ری سیاسی و ڕه‌وانی بوو له‌ کورد و ئاکام و خه‌ساری گه‌وره‌ و گرانی بۆ به‌ دواداهات. به‌م کەوتنە، ده‌سه‌ڵات و سه‌ر‌وه‌ریی سیاسی کورد شکستی هێناو هه‌موو ده‌سکه‌‌وته‌کانی له‌ کیسچوون. بێجگه‌ له‌وه‌ش بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کورد، له‌ رێگای راسته‌قینه‌ی خۆی ترازا و ئامانجی روونی لێ لێڵ بوو؛ ئێرانچێتی و ئایدۆلۆژیای بێگانه‌ ترنجایه‌ نێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد و ئه‌و بنه‌ما فکرییانه‌ی کۆمارییان له‌ سه‌ر بنیات نرا، کرچ و کاڵ بوونه‌وه‌‌ و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له‌ رۆژ‌هه‌ڵاتی کوردستان، به‌ " ئێرانی" کرا.
بەو حاڵەوە و سەرەڕای ئەو نسکۆیە، هه‌رگیز ئه‌و چرایه‌ی له‌ چوارچرا هه‌ڵکرا له‌دڵی رۆڵه‌ خەباتگێڕەکانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا نه‌ کوژایه‌وه‌؛ تێکۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ دۆخ و قۆناخی جۆراوجۆر و هه‌رجاره‌ی له‌ پارچه‌یه‌کی نیشتماندا ئاڵای خه‌باتیان هه‌ڵکرده‌وه‌. وا ئێستاپاش تێپه‌ڕینی ٦٥ ساڵ به‌ سه‌ر رووخانی کۆماری کوردستاندا، کورد له‌ به‌شێک له‌ نیشتمانه‌که‌یدا خاوه‌ن حکومه‌ت و پارلمانه‌ و به‌شێک له‌ هێما و سیمبۆله‌کانی ئەو کۆمارەی بۆ گوێزراوەتەوە‌. له‌ پارچه‌ داگیرکراوه‌کانیشدا خه‌باتی کوردایەتی لە سەدان خانەی ژیاندا لە جووڵەدایە ‌.
له‌م بۆنه‌ مێژووییه‌دا، پارتی ئازادیی کوردستان، وه‌ک هێزێکی نه‌ته‌وه‌یی و رێبوارێکی شێلگیری ئامانجه‌کانی کۆمار و ئاواته‌کانی پێشه‌وا، له‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنه‌ما فکرییه‌کانی دامه‌زراندنی کۆمار و ئه‌و رێفراندۆمه‌ی که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی رۆژی دووی رێبه‌ندان دا به‌ڕێوه‌ چوو و دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستان پێداده‌گڕێته‌وه‌.
هه‌ر له‌م بۆنه‌ مێژووییه‌دا، جێی خۆیه‌تی وه‌بیری بێنینه‌وه‌ که‌ کۆماری کوردستان له‌ به‌ستێنی ناوخۆییدا به‌ هه‌ڵگرتنی ناکۆکیی و چێکردنی یه‌کێتی و یه‌کگرتنی به‌کرده‌وه‌ی‌ ئه‌کته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌وده‌می کۆمه‌ڵگای کوردستان پێکهات. ئه‌مڕۆش وه‌دیهێنانه‌وه‌ی ئامانجه‌کانی کۆمار و وه‌ده‌سهێنانی ئازادیی و ئه‌ستاندنی مافه ره‌وا‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و پاراستنیان، پێویستی به‌ یه‌کڕیزیی رۆله‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و یه‌کێتی خه‌باتی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانه‌.
بۆیه‌ له‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌دا، پارتی ئازادیی کوردستان جارێکی دیکه‌ لە سەر پێویستیی کۆتایی هێنان به‌ پڕش و بڵاویی نێوان هێزە سیاسییەکانی وڵاتەکەمان و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی پێدادەگرێتەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئازادیی کوردستان بە بۆنەی 66 هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان پیرۆزبایی له‌ گشت ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردو تێکڕای کوردستانییه‌کان له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و له‌ تاراوگه‌ و لە هه‌موو هۆگران و رێبوارانی کۆماری کوردستان ده‌کا. هه‌زاران سڵاوی ئه‌مه‌گ و وه‌فا پێشکه‌شی پێشه‌وای شه‌هید و هه‌موو شه‌هیدانی کۆمار ‌ ده‌کا و په‌یمانیان له‌گه‌ڵ نوێ ده‌کاته‌وه‌ که‌ تا وه‌دیهاتنی یه‌کجاریی په‌یام و ئاواته‌کانی ئه‌وان سه‌نگه‌ری خه‌بات و تێکۆشان به‌ر نه‌دا.
ده‌با یاد و بیره‌وه‌ریی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان هانده‌رمان بێ بۆ یه‌کختسنی ریزه‌کانمان و گوڕوتیندان به‌ تێکۆشان له‌ پێناو ئه‌ستاندنه‌وه‌ی خاک و ماف و سه‌روه‌رییمان.
با بیره‌وه‌ریی کۆماری سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌ستی، ئیلهامبه‌خشی خه‌باتمان بێ له‌ پێناو ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جمهووری کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیته‌ی ناوه‌ندی
2رێبەندانی 2711
22ژانویە2012
 

 

 

 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

٢ی ڕێبەندان لە سوئێد

سەری ساڵی نوێ لە کەڵمار

سەری ساڵی٢٠١٢نۆروێژ

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌