ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

  پەیامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پادک بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

den 22 januari 2012 22:10:09
پەیامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پادک بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان
نەتەوەی وڵات داگیرکراوی کورد!
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
لاوانی جیاوازی خوازی کورد!
ئەمڕۆ ٢ی ڕێبەندان ٦٦ مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سەرجەم کۆمەڵگای خەڵکی کوردستان بە گشتی و نەتەوەی گەورەی کورد بە تایبەتی پیرۆز بێت.
٦٦ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی ٢ی رێبەندانی ساڵی ٢٦٤٥ دا، شاری مهاباد بوو بە مەیدانی بڕیارێکی گرنگ و مێژویی و مەکۆی کۆکردنەوەی بیرە نەتەوەییەکان لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دا، مهاباد بە گشتی و مەیدانی چوارچرا بەتایبەتیی شانازیان بەخۆوە دەکرد کە یەکەم کۆماری کوردستان لەم مەڵبەندە و لە ژێر تیشکی چوار چراکەی چوار چرادا بۆ یەکەم جار لە مێژوو دا لەسەر دەستی پێشەوای مەزن ڕادەگەینرێت. ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٥ هەزاران کەس لە خەڵکی شاری مهاباد و دەورو بەری و بە ئامادە بوونی بەشێکی بەرچاو لە خەباتگێڕانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە مەیدانی چوار چرای شاری مهاباد، پێشەوای مەزنی کورد، جەنابی قازی موحەممەد ڕەسمەن کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، هەر دوا بە دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، خودی پێشەوا قازی موحەمەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە مێژوو دا.
کۆماری کوردستان لە کاتێک دا ڕاگەیەندرا کە لەمێژ نەبوو بە هۆی بوونی هێزەکانی (متفقین) لەم مەڵبەندە کوردان بە ئاسوودەیی نەفەسێکی ئازادیان هەڵدەمژی، هەر ئەم هۆکارەش بووە پاڵنەر بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بوژاندنەوەی بیری نەتەوایەتی. بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە لایەک نەتەوەی گەورەی کورد بۆ جارێکی دیکەش باوەڕ بەخۆ بوونی بۆ گەڕایەوە، لە لایەکی دیکەشەوە داگیرکەرانی هیوابڕاو کرد لە بە ئێران، ئێڕاق یان تورکیا و سوریا کردنی کوردستانی هەمیشە کورد. بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ئاڵا و لەشکر و نێوی ئێران لە سەر کوردستان سڕایەوە و نەتەوەی کورد بووە خاوەن نیشتمان و ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و لەشکری خۆی، زمانی کوردی بوو بە زمانی ڕەسمی و کتێب و ڕۆژنامە و گوڤاری کوردی لە چاپ دران و چاوی منداڵان و لاوانی کوردیان پێ گەشایەوە، ڕادیۆ و شانۆ و سینەما بە زمانی شیرینی کوردی دەپەیڤین، کوردان بۆ خۆیان بەڕێوەبەری وڵات و هەر بۆخۆشیان خزمەتکار و گیان فیدای وڵاتی خۆیان بوون، ژنانی چەوساوەی کورد ئازاد و سەربەست هاتنە مەیدان و ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیانیان دامەزراند و چالاکانە بەشداری ژیانی سیاسی بوون لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان دا، کەمایەتییە مەزهەبی و نەتەوەییەکانی دانیشتووی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵگای خەڵکی کورد مافی یەکسانیان هەبوو لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا.
هەر چەندە کۆماری کوردستان ساڵێک لە تەمەنی پڕ لە شانازی تێپەڕ نەببوو کە کرا بە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووریەکانی ڕوسیای کۆمۆنیست و لە ئاکام دا کەوتە بەر هێرشی ناڕەوای دەسەڵاتدارانی تاران و تێک ڕوخێندرا و سەرۆک کۆمارەکەی لە سێدارە درا، بەڵام دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئەوەی سەلماند کە کورد هیچ کات خۆی بە ئێرانی نەزانیوە و نازانێت و لە هەر هەل و دەرفەتێک دا ئامادەیە بۆ پێکەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
وێڕای پیرۆزبایی دووبارەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سەرجەم نەتەوەی گەورەی کورد، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان، داواکارین لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی‌یە کوردستانییەکان بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی بە دەوڵەت بوونی نەتەوەی کورد و وەک ڕۆژی هەستانەوە و ڕابوون بە دژی داگیرکەران ڕێز بگرن. هەر لێرەوە داوادەکەین لە هێز و لایەنە سیاسی‌یەکانی کوردستان بۆ ئەوەی ڕۆژی دووی ڕێبەندان بکەن بە ڕۆژی یەکێتی نەتەوەیی و ڕۆژی هاوهەڵوێست بوون بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
بەرز و بەڕێز بێت ٦٦ مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان
ئازاد و ئاوەدان بێت کوردستان
ئەنجومەنی سەرۆکایەتی
PADK پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان
٢ی ڕێبەندانی ٢٧١١

 

 

 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

٢ی ڕێبەندان لە سوئێد

سەری ساڵی نوێ لە کەڵمار

سەری ساڵی٢٠١٢نۆروێژ

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌