ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

ئەمجارە ساركوزی ئەردۆغانی نیگەران كرد! شەهاب خالیدی

den 16 januari 2012 12:20:48
ئەمجارە ساركوزی ئەردۆغانی نیگەران كرد! شەهاب خالیدی
بە پێی هێندێك سەرچاوە لە ساڵی 1915 بە دوو هۆی سەرەكی ئە‌رمەنییەكان
 لە لایەن ئیمپراتۆریی ئەوكاتی عۆسمانییەوە كۆمەڵكۆژ كران. یەكەم بە هۆی ئەوەی ئەرمەنییەكان وەك دیوارێكی ئاسنین كەوتبوونە نێوان توركانی عوسمانی و پان توركیستەكانی قەفقاز، كە لە راستیدا لە بواری نەژادیدا بە هیچ شێوەیەك یەكیان نەدەگرت. دووهەم بە هۆی ئەوەی كە ئەرمەنییەكان مەسیحی مەزهەب بوون و لە ژێر هیچ زەخت و گوشارێكدا ئامادە نەبوون كە مەزهەبەكەیان بگۆڕن و ببن بە موسڵمان. هەر بۆیەش لەنێوبردنی ئەرمەنییەكان لە لایەن ئیمپراتۆریی ئەوكاتی عۆسمانییەوە بە پێویست دەزانرا.
بەڵام بە پێی هێندێك سەرچاوەی دیكە، هەم لە هێنانەوەی ئاماری راست و درووستی كوشتاری ئەرمەنییەكاندا زیادەرەوی كراوە و هەمیش لە هێنانەبەرباسی هۆی كوشتاری ئەرمەنییەكاندا چەواشەكاری هەیە. بە پێی ئەم سەرچاوانە كوشتاری ئەرمەنییەكان دوای كوشتاری بەكۆمەڵی ئازەرییەكانی باكووری رۆژئاوای ئێران و ئازەرییەكانی سۆڤیەت لە لایەن ئەرمەنییەكانەوە رووی داوە، كە ئەوكات ئەرمەنییەكان لە لایەن دەوڵەتی سۆڤیەتی ئەوكاتەوە هان درابوون.
بەڵام كوشتاری ئەرمەنییەكان بە هەر هۆیەكەوە بێ، رووداوێكی تاڵ و كارەساتێكی ئینسانییە كە نابێ رەت بكرێتەوە. بە خۆشییەوە ئێستا لە توركیە كەسایەتی و تەنانەت بنیاتی وا هەیە كە كوشتاری ئەرمەنییەكان بە جینۆسایدی دەزانن و شەرمەزاری دەكەن، كە یەكێك لەو بنیاتانە بنیاتی مافی مرۆڤی ئیستامبۆڵە. هەروەها لە ساڵی 2008یشدا بوو كە هێندێك لە مامۆستایانی توركی زانستگای توركیە كوشتاری ئەرمەنییەكانیان وەكوو جینۆساید ناو برد و تەنانەت داوای لێبوردنیشیان لە ئەرمەنییەكان كرد كە لە راستیدا بەو كردەوەیە، خەتی سووریان بەزاند. هەروەها تا ئێستا 20 وڵاتی جیهان ئەم كوشتارەیان مەحكووم كردووە.
لە راستیدا ئەمە پرسێكی تازە نیە و ئەم جارەش ئەم پرسە هەستیارە دوای رۆیشتنی ساركۆزی بۆ وڵاتی ئەرمەنستان و ناردنی گەڵاڵەیەك بۆ پارلمانی فەڕانسە لەمەڕ سزادانی ئەوانەی كە ئینكاری هۆلۆكاست دەكەن، كەوتە بەر باس و پێوەندییەكانی نێوان فەڕانسە و توركیەی ئاڵۆز كرد.
دەوڵەتی توركیە بە سەرۆكایەتیی ئەردۆغان هەڵوێستێكی توندی لەمەڕ ئەم كردەوەیەی ساركوزی گرتۆتە پێش و داوای لە فەڕانسە كردووە كە ئەوان داوای لێبوردن لە خەڵكی ئەلجەزائیر و رواندا بكەن كە كاتی خۆی لەوێ كۆمەڵكوژییان كردووە. توركیە هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەیە كە ناردنی ئەم گەڵاڵەیە بۆ پارلمانی فەڕانسە هەم بۆ پێكهێنانی ناكۆكی و شەڕ لە نێوان موسڵمانەكان و مەسیحییەكانە و هەمیش تەبلیغاتێكی سیاسی ـ ئینتخاباتییە بۆ وەدەستهێنانی دەنگی ئەو 500 هەزار ئەرمەنییانەی كە لەوێ دەژین. بەڵام بە سەرنجدان بەو راستییە كە هەموو حیزبەكانی بەشدار لە پارلمانی فەڕانسەدا دەنگیان بەو گەڵاڵەیە داوە، ئەم بۆچوونە لاواز خۆی دەنوێنێ.
ئێستا یەكێك لە شەرت و مەرجەكانی قبووڵكردنی ئەندامەتیی توركیە لە یەكیەتیی ئەوروپادا مەحكوومكردنی ئەو كۆمەڵكوژییەیە. هەر بۆیە لە كاتێكدا كە دەوڵەتی توركیە زۆر هەوڵی داوە كە ببێتە ئەندام لەو یەكیەتییەدا، هێنانەبەرباسی ئەم پرسە بۆ دەسەڵاتدارانی توركیە جێگای نیگەرانییە. بەڵام بە هۆی ئەوەی كە توركیە سەرەڕای ئەو قەیرانە ماڵی و ئابوورییەی كە لە ئورووپادا رووی داوە، لەگەڵ قەیرانێكی بەرچاوی ماڵی و ئابووری بەرەوڕوو نەبووتەوە و لە لایەكی دیكەوە بە هۆی ئەوەی كە توركیە رێگای سەرەكی و ئیستراتیژیكی ناردنی وزەیە بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی، بۆیە هەم خۆی بێمنەت لە فەڕانسەو یەكیەتیی ئەورووپا نیشان دەدا و هەمیش هەڕەشەی دیپلۆماتیكیان لێ دەكات.
بەڵام لە بەرامبەردا سەرەڕای ئەوەی كە لابیی ئەرمەنییەكان لە فەڕانسە زۆر بەهێزە و توانیویەتی كە فەڕانسە ناچار بكات كە گەڵاڵەیەكی بەم شێوەیە پێشكەش بە پارلمانی وڵاتەكەی بكات، هەم فەڕانسە و هەمیش وڵاتانی رۆژئاوایی دەیانهەوێ كە پرسی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان و تەنانەت پرسی كوردیش وەك كارتێكی گوشار بە دژی توركیە بە كار بێنن بۆ ئەوەی كە توركیە نەتوانێ بە هەڵوێستێكی بەهێز، بەڵكوو بە هەڵوێستێكی لاوازەوە لەگەڵ یەكیەتیی ئورووپا بكەوێتەوە وتووێژ و دانوستاندن.
هەر چەند كە ئەو پرسە، پرسێكی تازە نیە و هەر جارەو بە شێوەیەك دەكەوێتە بەر باس و تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتداریی رۆبێرت كۆچاریان، سەركۆماری پێشووی ئەرمەنستانیشدا ئەم پرسە ورووژێندرابووە، بەڵام ئێستا كە ئینكاركردنی ئەم كۆمەڵكوژییە لایەنی حقووقی بە خۆیەوە دەگرێ، رەنگبێ ئیتر توركیە ترسی لەوە هەبێ كە ئەم دۆسیەیە بگوازرێتەوە بۆ نێو دادگایێكی نێونەتەوەیی و لە ئاكامدا ئەرمەنییەكان داوای ئەو سەرزەوینانە بكەن كە بە وتەی خۆیان شوێنی ژیانی باب و باپیرانیان بووە كە لە قۆناغی جۆراوجۆردا دەستیان بە سەردا گیراوە.
هەڵبەتە نابێ ئەوەش لە بیر بكەین كە ماوەیەك پێش ئێستا پرسی دانپێنان بە كۆمەڵكوژیی خەڵكی دێرسیمیش ببووە پرسێكی گەرمی نێو پارلمانی توركیە، كە لە كۆتاییدا ئەردۆغان لە سەر ناوی دەوڵەتی توركیە داوای لێبوردنی لە خەڵكی دێرسیم كرد، كە ئەو داوای لێبوردنە لە روانگەی جۆراوجۆرەوە شی كرایەوە. بەڵام زۆر لە كەسایەتییە سیاسییەكان لەسەر ئەو باوەڕەن كە ئەو داوای لێبوردنە، ئامانجگەلێكی سیاسی لە پشت بوو و لە راستیدا بۆ دژایەتیكردنی «حیزبی كۆماری گەل» بوو، كە زۆرترین دەنگی لە ناوچەی دێرسیم لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا وەدەست هێنابوو. هەر بۆیە بۆ ئەوەی كە دەوڵەتی توركیە بسەلمێنێت كە ئەو داوایە سیاسی نەبووە و بەڵكوو ئەوان لە بواری ئینسانییەوە ئەم كۆمەڵكوژییەیان مەحكووم كردووە، پێویستە كە هەستی مرۆڤدۆستیی دەسەڵاتدارانی توركیە بە سەر هەستە پان توركیستییەكەیاندا زاڵ بێ و ئەوان ئەم راستییە وەك راستییەكی تاڵی مێژوویی بە دوور لە هەر چەشنە ئامانجگەلێكی سیاسی بە توندی مەحكووم بكەن. چوونكە ئەوانەی كە ئامادە نەبن لە بەرامبەر كارەساتێكی وەها گەورە و بەرفراوانی ئینسانیدا ناڕەزایەتیی خۆیان دەڕببرن، رەنگبێ رۆژێك ئەگەر دەرفەتیان بۆ هەڵكەوێ، بۆ خۆشیان تاوانی گەورەی بەم شێوەیە بخوڵقێنن.
"كوردستان"، ژماره‌:572
 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

٢ی ڕێبەندان لە سوئێد

سەری ساڵی نوێ لە کەڵمار

سەری ساڵی٢٠١٢نۆروێژ

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌