ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

پەلەقاژەی ریاڵ لە بەرامبەر دۆلاردا . ! كەیهان یووسفی

den 16 januari 2012 12:20:48
پەلەقاژەی ریاڵ لە بەرامبەر دۆلاردا . ! كەیهان یووسفی
گڵۆڵەی ئابووریی ئێران كەوتووەتە سەرەولێژییەوە و تەنانەت داهاتی زۆری فرۆشی نەوتیش ئیدی ناتوانێ ئەم ئابوورییە لە حاڵی داڕمانە لەسەر پێ رابگرێ.
که‌یهان یوسفی
قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی ئابووری و لێكەوتەكانی، دۆخی ژیانیان بۆ هەر هاووڵاتییەكی ئێرانی رۆژ لە دوای رۆژ دژوارتر كردووە و دەوڵەت و بەرپرسانی حكوومەتیش هەر لە تەپڵی دروشمە بەتاڵەكانیان دەكوتن و ئێستایش هەر بانگەشە بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كۆمەڵگای جیهانی و بەتایبەت رۆژئاوا و باس لە ناكاریگەربوونی گەمارۆ جیهانییەكانی دژی ئەم رێژیمە دەكەن.
بازاڕی ئەرزی ئێران لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدایە و نرخی ریاڵ لە بەرامبەر دۆلاردا بە تەواوی شكاوە و نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكایی گەیشتووەتە سنووری 1600 تمەن تا ئەو شوێنەی كە لە چەند شوێنی بازاڕی تاراندا ئاڵووێرەكان بەپێی دۆلار دەكرێن و شتومەك بە دۆلار ئاڵووێر دەكرێن.
ئەحمەدی نژاد ماوەیەك لەمەوپێش بە شانازییەوە رایگەیاندبوو كە لە جیاتی دۆلار، بە ئەرزە نێونەتەوەییەكانی دیكە نەوت دەفرۆشێ و پێی وابوو كە لەم رێگەیەوە دۆلار سزا دەدا، بەڵام راستییەكانی بازاڕی ئاڵۆزی ئەرز و ئابووریی قەیرانلێدراوی ئێران، داستانێكی دیكەیان پێیە.
درێژەكێشانی ئاڵۆزیی نرخی ئەرز و بێتوانایی بانكی ناوەندی لە كونترۆڵ و سەقامگیركردنی نرخی ئەرز دەرخەری راستیگەلێكە كە بەرپرسانی رێژیم بە پەنابردنە بەر ئەو تریبۆنانەی لەبەردەستیاندایە، بەردەوام و بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵكی نێوخۆی ئێران، حاشایان لێدەكەن.
هۆكارگەلێكی جۆراوجۆر لەسەر بەرزبوونەوەی 37 لە سەدی نرخی ئەرز كاریگەرییان داناوە. هەڵگرتنی سوبسیدەكان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی قیمەتەكان، كەم هاتنی بودجەی دەوڵەت بووەتە هۆی جۆرێك «نقدینگی» سەرلێشێواوانە، مەودای نێوان نرخی هەڵاوسانی نێوخۆیی و نرخی هەڵاوسانی جیهانی هەروا زۆرە و بانكی ناوەندی لە خستنەبازاڕی دۆلارە نەوتییەكان بە مەبەستی سەقامگیركردنی نرخی ئەرز بەگومانە و هەر بەم پێیەشە كە خەڵك هەست بە ئاسایش ناكات و هەڵاوسانی هەنووكە، چاوەڕوانیی هەڵاوسانی لێدەكەوێتەوە و لە وەها هەلومەرجێكدا خەڵك دەیانهەوێ پووڵەكانیان بگوازنەوە شوێنێكی پارێزراو و هەناردەكەرانی شتومەكە نانەوتییەكان، ئەرزە بەردەستهاتووەكانیان ناگوازنەوە رایەڵەی بانكیی كۆماری ئیسلامی و بەمەش بەشێكی گرینگ لە سەرمایەكەیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات و بە زیادكردنی گەمارۆ نێونەتەوەییەكانیش، بارودۆخی ئابووریی ئێران و بەتایبەت بازاڕی ئەرزی، تووشی ئەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییە دەبێ كە دەیبینین.
ناسەقامگیری لە بازاڕی ئەرز بووەتە هۆی ئەوەی كە قیمەتەكان بەتایبەت قیمەتی شتومەكە هاوردەكراوەكان بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیان ببینن، بە شێوەیەك كە رۆژنامەی «ابتكار»، رۆژی شەممە، 10ی بەفرانبار لەم بارەوە نووسی: «ناسەقامگیریی بازاڕی ئەرز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی قیمەتی سەیارە هاوردەكراوەكان تا سنووری 9 میلیۆن تمەن. نرخی ریاڵ لەم ساڵدا هەر رۆژە بێنرختر لە رۆژی پێشتر دەبێ تا ئەو شوێنەی كە 37 لەسەدی نرخی خۆی لە بەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە و ئەمەش لە كاتێكدایە كە دۆلاری ئامریكا تا 27 لەسەدی نرخی خۆی لە بازاڕە جیهانییەكانی لەدەست داوە. نرخی دۆلار لە پاش شۆڕشی 57 تا هەنووكە، نزیك بە 216 بەرامبەر بووە، واتە لە 7 تمەنەوە تا نرخی ئێستا، 1500 تمەن. هەڵبەت دەوڵەت لە 10 ساڵی رابردوودا بە خستنەبازاڕی دۆلارە نەوتییەكان، تا رادەیەك پێشی بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار گرتووە و ئەگەر وا نەبووایە و نرخی دۆلار بەپێی نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا زیادی كردبایە، ئەوا گەیشتبووەتە نزیك بە 4000 تمەن.»
لە بنەڕەتڕا ئەم بەرزبوونەوەی قیمەتی دۆلار و زۆربوونی هەڵاوسانە، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو سوبسیدانە داناوە كە دەوڵەت بە خەڵكی دەدا و رادەی بڕواپێكراوی و هێزی كرێنیشی دابەزاندووە. لە ساڵی رابردوودا 45 هەزار و 500 تمەن یارانەی نەقدی بە خەڵك دراوە كە دەیكردە نزیك بە 43 دۆلار، لە كاتێكدا ئیمڕۆ دەكاتە 30 دۆلار و لە راستیدا هێزی كرێنی ئەو بڕە پارە سوبسیدەی دەدرێ بە خەڵك، 37 لە سەد دابەزیوە.
گەمارۆكانی سەر سیستمی بانكیی ئێران هەر وا درێژەیان هەیە و ئەمەش دەتوانێ بارودۆخی بازاڕی ئێران ئاڵۆزتر بكا. دواجار باراك ئۆباما، یاسای بودجەی پەسندكراوی كۆنگرە و سێنای ئەم وڵاتەی رۆژی دووشەممە، 11ی بەفرانبار واژۆ كرد كە لەودا بانكی ناوەندیی ئێرانیش بووەتە ئامانجی گەمارۆكان. بانكی ناوەندیی ئێران، كاناڵی سەرەكیی راگواستنی داهاتە نەوتییەكان بۆ تارانە و بە گەمارۆ خستنەسەر بانكی ناوەندی، ئێران لەمەڕ فرۆشی نەوتەكەی و گۆڕینەوەی‌ بە ئەرز تووشی كێشە دەبێ كە بەمەش رۆژگەلێكی قەیراناویتر بۆ بازاڕی ئەرز و ئابووریی ئێران پێشبینی دەكرێ.

"كوردستان"، ژماره‌:572
 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

٢ی ڕێبەندان لە سوئێد

سەری ساڵی نوێ لە کەڵمار

سەری ساڵی٢٠١٢نۆروێژ

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌