ماڵەوە * لینک *  ئەرشیڤ * پەیوەندی * ئەڵبۆم * کتێبخانە * سروود * هونەرمەندان * دیمانە

 پلینۆمى سێهه‌مى كومیته‌ى ناوه‌ندى سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران به‌رێوه‌ چوو

den 02 januari 2012 23:45:34
 پلینۆمى سێهه‌مى كومیته‌ى ناوه‌ندى سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران به‌رێوه‌ چوو
رۆژى هه‌ینى ٩ى به‌فرانبارى ١٣٩٠ به‌رانبه‌ر به‌ ٣٠ى دیسامبرى ٢٠١١ پلینۆمى سێهه‌مى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى هه‌ڵبژێردراوى كۆنگره‌ى چواره‌مى سازمانى خه‌بات له‌ بنكه‌ى ناوه‌ندى له‌شاروچكه‌ى تۆبزاواى (رزگارى) سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو.
پلینۆم به‌ ده‌قیقه‌یێك ویستان و فاتیحایێك بۆ روحى پاكى شه‌هیدان، ده‌ستى پێكرد. پاشان به‌رێز كاك بابه‌شێخى حوسێنى سكرتێرى گشتى سازمانى خه‌بات راپۆرتى سیاسی و ته‌شكیلاتى خۆى پێش كه‌ش به‌ پلینۆمى سێهه‌م كرد و باسی له‌ بارودۆخى گشتى جیهان و ناوچه‌كه‌ و ئێران و كوردستان و هه‌روه‌ها كاروبارى سازمان له‌ ماوه‌ى پلینۆمى دووهه‌م تا پلینۆمى سێهه‌م كرد.
له‌باسه‌كانى سكرتێرى گشتى دا ، وێراى تیشك خستنه‌ سه‌ر سیاسه‌تى جیهانى و ده‌ور و پێگه‌ى وه‌لات و هاوپه‌یمانه‌كانى جیهان و له‌وان ئه‌مریكا و روسیا و چین و یه‌كێـتى ئووروپا و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی وه‌لاتان و به‌رژوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان و هه‌ل و مه‌رجى خراپى ئابوورى جیهان و كاریگه‌رییه‌كانى، له‌سه‌ر هه‌ل و مه‌رجه‌ سیاسیه‌كان و ئاڵوگۆره‌ خێراكان و ده‌ست نیشان كردنى ره‌وتى رووداوه‌كان، ئاماژه‌ى به‌ راپه‌رینه‌كانى وه‌لاتانى باكوورى ئه‌فریقا و ( به‌هارى عه‌ره‌بی) كرد و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ووتى: سه‌رده‌مى ده‌سه‌لاتى وه‌لاته‌ دیكتاتۆره‌كان كۆتایی پێهاتووه‌ و گه‌لان بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنى ژیانێكى ئازاد و دوور له‌ دیكتاتۆریی له‌ تێكۆشان دان، هه‌رچه‌ند بۆ ریشه‌دار بوونى هه‌تا هه‌تایی دیموكراسی له‌و وه‌لاتانه‌ كارى زیاترى ده‌وێ و رێگه‌یێكى سه‌خت له‌به‌رده‌م گه‌لانى ناوچه‌كه‌دایه‌. سكرتێرى گشتى به‌ تایبه‌ت، باسی راپه‌رینى خه‌ڵكى سوریه‌ كرد و وێراى ئیدانه‌كردنى جینایه‌ت و درِه‌نده‌یی هێزه‌ سه‌ركووتگه‌ره‌كانى رژیمى به‌شار ئه‌سه‌د، ئاسۆى به‌رده‌مى خه‌ڵكى راپه‌ریوى سوریه‌ى به‌ روون زانى و ووتى: سه‌ره‌رِاى سه‌ركووته‌ بێ به‌زه‌ییه‌كانى رژیمى به‌شار ئه‌سه‌د و یارمه‌تیه‌كانى ده‌سه‌لاتدارانى رژیمى ئاخوندى گومان نییه‌ رژیمى به‌عسی سوریه‌ مه‌حكووم به‌ له‌ناوچوونه‌. به‌رێزیان هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ووتى: دۆخى رژیمى سوریا به‌ حوكمى هاوپه‌یمانه‌تیه‌ ئیستراتیژییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ رژیمى ئێران بۆ خه‌باتكاران و ئازادیخوازانى ئیرانى و كوردستانى بایه‌خێكى یه‌كجار گرینگى هه‌یه‌ و ئه‌گه‌رى رووخانى ئه‌و دیكتاتۆریه‌ى به‌ قازانجى گه‌لى سوریه‌ و گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و به‌ تایبه‌تى خه‌ڵكى ئێران زانى. له‌باسی ناوچه‌ دا، به‌رێزان دۆخى توركیا و گه‌لى كورد له‌و به‌شه‌ى كوردستان و هه‌روه‌ها عێراق و دۆخى هه‌رێمى كوردستانى به‌ وردى تاوتوێ كرد و چاره‌سه‌ری كۆتایی كێشه‌كانى عێراقى به‌هۆى پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی به‌ قورس و زه‌حمه‌ت زانى و پێى وابوو، رێكه‌وتن له‌نێوان لایه‌نه‌كان به‌ جیابوونه‌وه‌ى هه‌ركام له‌ پێكهاته‌كانى ئه‌و وه‌لاته‌ به‌ سێ ناوچه‌ى فیدراڵ ، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گرژى و ناكۆكى نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌به‌كانى عێراق و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنى حكوومه‌تێكى هاوبه‌ش و هه‌مه‌ لایه‌ن كه‌ ماف و ویستى تێكرِاى نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌به‌كان له‌به‌رچاو بگرێ، به‌ زامنى كۆتایی هاتنى كێشه‌كانى عێراق زانى.
كاك بابه‌شێخ حوسێنى له‌درێژه‌ى راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌ دۆخى ئێران و قه‌یرانه‌ كه‌ڵكه‌بووه‌كان كه‌ به‌رۆكى نیزامى ئاخوندى گرتووه‌ كرد و ووتى: ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ده‌سه‌لاتدارانى ئێران گرتوویانه‌ته‌ پێش و هه‌روه‌ها سه‌ختى گه‌مارۆكان و فشاره‌ جیهانیه‌كان، له‌ئاكامدا ته‌قینه‌وه‌ى رقى په‌نگخواردووى چه‌ندین ساڵه‌ى گه‌لانى ئێرانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌و به‌شه‌ى باسه‌كه‌یدا تیشكى خسته‌ سه‌ر نۆهه‌مین ده‌وره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى مه‌جلیسى رژیم و هه‌ر نه‌وعه‌ هه‌ڵبژاردنێكى به‌ شانۆگه‌رى زانى و هاتنى زۆرینه‌ى ئۆپۆزسیۆنى رژیمى ئێران بۆ سه‌ر ئه‌و برِوایه‌ى كه‌ ده‌بێ هه‌ڵبژاردنه‌كان بایكۆت بكرێ، به‌بابه‌تێكى موسبه‌ت و باش لێكدایه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ دۆخى كوردستانى ئێران، به‌رێزیان، ووتى: دۆخى كوردستان له‌بوارى ئابوورى و دابین كردنى بژیوى ژیان له‌وپه‌رى خه‌راپى دایه‌ و بچووكترین جووڵه‌ى سیاسی و كۆمه‌لایه‌تى و مه‌ده‌نى قه‌ده‌غه‌یه‌ و كوشتن و زیندانى كردن و شكه‌نجه‌ى تاقه‌تپرۆكێنى به‌دواوه‌یه‌. به‌رێزیان زیادى كرد، كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ ئاماده‌ى رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌ له‌به‌رانبه‌ر دیكتاتۆران و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ده‌سه‌لاتداران هیچ هه‌لێك به‌ خه‌سار نادا.
كاك بابه‌شێخ باسی كاروبار و دۆخى سازمانى خه‌باتى كرد و وێراى هه‌ڵسه‌نگاندنى لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانى كاركرد و به‌رێوه‌به‌رى ئورگان و ناوه‌نده‌كانى سازمان له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ له‌به‌شێك له‌ ئه‌رك و كاره‌كان، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئیمكاناتى به‌رده‌ست ئه‌نجامى كار و به‌رێوه‌به‌رى سیاسی و ته‌شكیلاتى سازمان له‌نیوان ماوه‌ى ٢ پلینۆمى به‌ باش و گرینگ زانى. به‌رده‌وام بوونى تێكۆشانى ئه‌ندامان و پێكهاته‌ى سازمانى له‌سه‌ر گرتنه‌ پێشى سیاسه‌تى ئوسولى و شیاوى دۆخ و قۆناغه‌ جیاجیاكان بیرهێنایه‌وه‌ و وێراى ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵ و ماندوبوونى سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى سازمان چ له‌ناوخۆ و چ له‌ده‌ره‌وه‌، ره‌مزى سه‌ركه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنى به‌رده‌وامى سازمانى به‌ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر رۆحى برایه‌تى و ته‌بایی و یه‌كگرتوویی زانى.
له‌دواى پێش كه‌ش كردنى راپۆرتى كاك بابه‌شێخ حوسێنى سكرتێرى گشتى سازمانى خه‌بات، به‌شدارانى پلینۆم بیرورا و سه‌رنج و تێبینى خۆیان له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ باس كرد و له‌دواى چه‌ندین پێشنهادى ئه‌ندامان راپۆرته‌كه‌ په‌سه‌ند كرا و برِیار درا له‌ژێر رووناكایی ئه‌و باسه‌ تێر و ته‌سه‌له‌ سیاسه‌ت و به‌رێوه‌به‌رى و كاروبارى ئورگان و رێكخستنه‌كان و باقى به‌شه‌كانى سازمان باس و لێكدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكرێ.
له‌ئێواره‌ى رۆژى یه‌كه‌مى پلینۆمى سێهه‌مى كومیته‌ى ناوه‌ندى پیِراگه‌یشتن به‌ كارو هه‌ڵسوورِانى سازمان له‌ ماوه‌ى نیوان ٢ پلینۆم ده‌ستى پێكرد و سه‌رجه‌م كۆمیسیۆن و ئورگانه‌كان قسه‌یان له‌سه‌ر كرا و چه‌ندین ته‌ورى دیكه‌ى وه‌ك هه‌ڵوێست و سیاسه‌تى سازمان له‌بابه‌ت باسه‌ گرینگه‌كان و هه‌ڵسووران و چالاكى داهاتوو، به‌ وردى قسه‌ى له‌سه‌ر كرا. جێگه‌ى باسه‌ له‌ئاكامى كارى پلینۆم چه‌ندین برِیار و هه‌ڵویستى گرینگ په‌سه‌ند كران و هه‌روه‌ها ئاڵوگۆر له‌ ئورگانه‌كان و سازمانده‌یی ته‌شكیلات پێكهات. پلینۆم برِیاریدا، سازمان هه‌ڵبژاردنه‌كانى مه‌جلیسى نۆیه‌مى رژیم كه‌ له‌ ١٢ى ره‌شه‌ممه‌ى ١٣٩٠ به‌رێوه‌ ده‌چێ، ته‌حریم و بایكۆت بكا و كار بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى كوردستان له‌وپێوه‌نده‌دا بكرێ. هه‌روه‌ها گه‌رم داهێنانى زیاترى و دۆستایه‌تى و هاوكارى سازمان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌كانى كوردستانى توركیا و سوریا بوو به‌ ئه‌ركى داهاتووى كومیته‌ى ناوه‌ندى. یه‌كێك له‌ برِیاره‌كانى پلینۆمى سێهه‌م كار كردنى به‌رده‌وام بوو بۆ جێكه‌وتنى برِیارى قه‌ده‌غه‌ و حه‌رام بوونى شه‌رِى براكوژى له‌ كوردستاندا و سازمانى خه‌بات له‌داهاتوو دا له‌وپێناوه‌دا تێده‌كۆشێ. له‌جه‌ریانى پلینۆم بریار درا، بۆ رِاپه‌راندنى ئه‌رك و كاره‌كانى سازمان و مشاوه‌ره‌ى سكرتێرى گشتى، كارگێرێك له‌ناو كومیته‌ى ناوه‌ندى هه‌ڵبژێردرێ . شێوه‌ى هه‌ڵبژاردنى كارگێر به‌ ده‌نگ دان به‌رێوه‌چوو و له‌ماوه‌ى هه‌ر پلینۆمێك تا پلینۆمێكى دیكه‌ هه‌ڵبژاردنى كومیته‌ى ناوه‌ندى سه‌ر له‌نوێ به‌رێوه‌ ده‌چێته‌وه‌. ناو و قه‌باره‌ و پێكهاته‌ى كومیته‌ى ئورووپاى سازمان ئاڵوگۆرى به‌ خۆیه‌وه‌ بینى و له‌مه‌ودوا كومیته‌ى ئوورووپا به‌ پێكهاته‌یێكى به‌ربلاوتر له‌ ژێر ناوى پێوه‌ندى ده‌ره‌وه‌ى سازمانى خه‌بات بۆ تێكراى وه‌لاتانى ده‌ره‌وه‌ درێژه‌ به‌ ئه‌رك و كاره‌كانى ده‌دا. پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئایینامه‌ى به‌ش و ئورگانه‌كانى سازمان یه‌كێك له‌ باس و بریاره‌كانى پلینۆم بوو. به‌رپرس و چوارچێوه‌ى كارى به‌شێك له‌ ئورگانه‌كانى سازمان وه‌ك كومیسیۆنى سیاسی نیزامى و كومیسیۆنى ته‌شكیلات ئالوگۆرى به‌سه‌ردا هات و هه‌روه‌ها پێوه‌ندییه‌كانى هه‌ولیر و سلێمانى تێكه‌ڵ كران و له‌مه‌ودوا پێوه‌ندییه‌ كوردستانیه‌كان وه‌ك كومیته‌یێك ئه‌ندامێكى كومیته‌ى ناوه‌ندى به‌رێوه‌ى ده‌با.
پلینۆمى سێهه‌مى سازمانى خه‌بات له‌ ١١ى به‌فرانباره‌ ١٣٩٠ به‌رانبه‌ر به‌ ١ى ژانویه‌ى ٢٠١٢ له‌دواى ٣ شه‌و رۆژ كارى به‌رده‌وام كۆتایی به‌كاره‌كانى هێنا.
مه‌رگ و نه‌مان بۆ رژیمى ملهورى ئاخوندى
سه‌ركه‌وێ خه‌باتى كۆڵنه‌ده‌رانه‌ى خه‌ڵكى كوردستان
سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران
كومیته‌ى ناوه‌ندى
١١ى به‌فرانبارى ١٣٩٠
 

پێڕست

ئاگاداری یەکان

٢ی ڕێبەندان لە سوئێد

سەری ساڵی نوێ لە کەڵمار

سەری ساڵی٢٠١٢نۆروێژ

 

»ساتێک بی ده‌نگی  بۆ زه‌مه‌نێک له‌ ده‌نگ
»جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم له‌ کوردستان

هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی خاکه‌لێوه‌