رێبازی مەرگبەزێن . ! كەریم پەرویزی
زانایەكی گەورەی ئاڵمانی دەڵێ مرۆڤ بوونەوەرێكە لە نێو جیهاندا. بەو مانایە كە مرۆڤ ئەو كاتە مانا و واتایەكی هەیە و دەتوانێ هەست بە بوونی خۆی بكا و درك و ناسینی لە لا درووست ببێت كە لە جیهاندا قەرار دەگرێ و جیهان بە بۆنە و بە بوونی مرۆڤەوەیە كە مانایەك دەگرێ و پێناسە دەكرێ و مرۆڤ بە روانین و كردەوەكانی خۆی واتا و مانایەك بە جیهان دەبەخشێ. بە واتایەكی دیكە، مرۆڤ بوونەوەرێكی خەیاڵی و ئۆستوورەیی و دابڕاو لە واقیع نیە و بە قەرارگرتنی لە نێو جیهان و لە ژینگەیەكدایە كە دەتوانێ مانا و واتا و پێناسەی مرۆڤی پێ بدەی.
گەر لەم روانگەیەوە، بڕوانینە مرۆڤێك بە ناوی پێشمەرگە، ئەو كاتە بەو راستییە دەگەین كە پێشمەرگە وێڕای پێناسە و تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ، وەكوو بوونەوەرێك كە لە جیهان و واقیعدا قەرار دەگرێ، ئاوەڵناو و تایبەتمەندییەكی دیكەی هەیە كە چەمك و واتای پێشمەرگە دەخولقێنێ.
پێشمەرگە، وەك مرۆڤێك سەرەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی كە بوونی و روانین و پێناسەكانی، مانا و واتایەك بە جیهانی دەوروبەری دەبەخشێ، خاوەنی ئەو تایبەتمەندییەشە كە بە ئیرادەیەكی مرۆیی و ویستێكی هەڵقوڵاو لە ناخ و نێوەڕۆكی مرۆڤبوونییەوە كە بریتییە لە ئازادیی هەڵوێستوەرگرتن و دەروەستبوون بەرامبەر بە روانین و بوون و كردەوەكانی، هەوڵ بۆ گۆڕینی دەوروبەر و زاڵبوون بە سەر جیهانی دەوروبەریدا دەدا و تەنانەت گەر نرخی ئەو هەوڵ و تێكۆشانە، بریتی بێ لە گرانترین و بە بەهاترین، سەرمایەی واتە گیانی و ئامادەیە كە بە ئاگایی و ئازادی و بە هەڵوێستوەرگرتنی مرۆییەوە بە پێشوازی مەرگەوە بڕوا و بە ئیرادە و ورەی ئازادیخوازانەی بە سەر مەرگدا سەركەوێ.
بۆیە و لەم سۆنگەوەیە كە رێبەری بە هەڵوێست، دوكتور شەرەفكەندیی بلیمەت دەڵێ كە پێشمەرگایەتی بۆ لاوی كورد شانازییە و با دایكان و باوكانی كوردستان كوڕان و كچانیان بەوپەڕی شانازییەوە رەوانەی ریزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەن.
هەر دایك و باوكێك لە جیهان و لە كوردستاندا، شانازی بەوە دەكا كە رۆڵەكەی و جگەرگۆشەكەی، كە گەورە دەبێ و وەكوو مرۆڤێكی خاوەن ئیرادە دەڕواتە نێو كۆمەڵگا، بە هەڵسوكەوت دەربڕین و كردار و بڕیارەكانی، بە سەر سەختترین كۆسپ و قۆناخەكاندا سەركەوێ و بە مرۆڤێكی خاوەن ئیرادە و توانا و وشیار بناسرێ. پێشمەرگایەتی كە بریتییە لە بڕیاردان و بە ئازادی و ئاگاییەوە، هەوڵدان بۆ سەركوتن بە سەر ستەم و سەرەڕۆیی و چەوسانەوەدا و سەرشۆڕنەكردن بۆ ستەمكاران، ئەوپەڕی وەدیهێنان و مانابەخشین بە ئیرادەی مرۆڤانە و گۆڕینی جیهان و واتا بەخشین بە جیهانی نوێیە.
رۆژی پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو ئەو رۆڵە كوردانەی كە بە ئیرادەی ئازاد و وشیارەوە سەر بۆ ستەم دانانەوێنن و درێژەدەری رێبازی مەرگبەزێنی پێشمەرگەن پیرۆز بێ.
کوردستان ٥٧١