جاڕنامەی مافی مرۆڤ«ئامانجێكی هاوبەش بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز.! ناسر ساڵحی ئەسڵ

جاڕنامەی مافی مرۆڤ«ئامانجێكی هاوبەش بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز.! ناسر ساڵحی ئەسڵ
جاڕنامەی مافی مرۆڤ، وەكوو كۆمەڵێك ماف كە مرۆڤ بە حوكمی مرۆڤبوونی خۆی هەیەتی، لە پێشەكییەك و 30 بەنددا كە هەموو مافەكانی حقووقی، سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی مرۆڤی سەر گوێ زەوی لە خۆی دەگرێت، لە كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، لە كۆی 58 وڵاتی ئەندام، بە دەنگی ئەرێنی 48 وڵات و دەنگی بێ‏لایەنی 8 وڵات لە رۆژی 10 دێسامبری 1948 ی زایینیدا پەسەند كراوە.
لەو كاتەوە، جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ وەكوو ئامانجی هاوبەشی هەموو گەلانی جیهان ناسراوە. زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەك لەوان وڵاتی ئێران ئەو جاڕنامەیان واژۆ كردووە. هەروەها جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، وەكوو بەڵگەیەك بۆ تێگەیشتن و لە بەرچاوگرتنی مافەكانی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی وڵاتانی واژۆكەری پابەند كردووە، تا بۆ بەڕێوەبردن و رەچاوكردنی مافەكان و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ، بەردەوام سەرنج و بایەخی پێ بدرێت. خاڵێكی دیكەی پابەندبوونی دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێك ئەوەیە كە دەبێ مرۆڤەكان لە نێوەڕۆكی جاڕنامەی مافی مرۆڤ ئاگادار بكرێن و بۆ داواكردن، بەڕێوەبردن و رەچاوكردنی ئەو ماف و حقووقانە خەڵك هان بدرێن.
بەڵام رێژیمە دیكتاتۆرەكان و یەك لەوان رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، مافە مەدەنی و سیاسییەكانی گونجاو و داڕێژراو لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و كۆنوانسیۆنەكانی پێوەندیدار بەو جاڕنامەیە، لە لایەك بە فەلسەفەی هیومانیستی رۆژئاوای دەزانن و لە لایەكی دیكەوە باس لە جیاوازی ناسینی كولتوورەكانی كۆمەڵگاكان و جۆراوجۆریی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری لە ناوچە جیاجیاكانی جیهانیان كردووە، تا بەو بیانووە لە رێزگرتن، بەڕێوەبردن و رەچاوكردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەكانی گونجاو لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا خۆیان ببوێرن. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی هیچكام لە بەندەكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، نە بەڕێوە دەبەن، نە رەچاوی دەكەن و هیچ تریبونێك بۆ چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە گۆڕێدا نیە.
بە سەرنجدان بە سیستمی نادێموكراتیكی دەسەڵاتداریی رێژیمی كۆماری ئیسلامی، دەتوانین بڵێین، لە كاتێكدا یادی شەست و سێهەمین ساڵی راگەیاندنی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەكرێتەوە كە لە زیندانەكانی رێژیمدا كۆمەڵێك مرۆڤی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕی رێگای ئازادی و دێموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەكان، تەنیا بە تاوانی داواكردنی مافی ئینسانی لە ژێر بێڕەحمانەترین ئازار و ئەشكەنجە سەدە نێوەڕاستییەكاندان.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەگەرچی یەكێك لە واژۆكەرانی جاڕنامەی مافی مرۆڤە، بەڵام لە بەرچاوی رای گشتیی جیهان هەموو بەندەكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بە ئاشكرا و بێ‏سڵەمینەوە پێشێل دەكات. هەر بۆیە زیندانی لە ئێرانی ئەمڕۆدا بێبەشە لە سەرەتاییترین مافەكانی مرۆیی.
هەر ئێستا زیندانەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە چالاكانی مەدەنی، مامۆستایان، كرێكاران، حوێندكاران، رۆژنامەنووسان و چالاكانی نەتەوەكانی ئێران و .. بەگشتی لە رێبوارانی رێگای ئازادی و دێموكراسی و مافی مرۆڤ ئاخندراون. رێژیم لە ژمارەی ئێعدامكردن لە ئاستی جیهاندا لە پلەی دووهەمدایە.
هەر بۆیە كاتی ئەوە هاتووە پێشێلكارییەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە بواری مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت لە بواری مافەكانی نەتەوەكان و كەمایەتییە ئایینیەكان، بەپێی پێوەرەكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ زیاتر لە ئێستا لەقاو بدرێت و هەوڵی هەموو لایەك بۆ نەهێشتنی پێشێلكاری و رەچاوكردنی مافی مرۆڤ لە سیستمێكی دێموكراتیك و فیدراڵ لە ئێراندا زیاتر و یەكگرتوویی پتەوتر بكرێ.
کوردستان ٥٧١