یەلدا، لەدایكبوونی خواوەندی هەتاو . ! گوڵاڵە كەمانگەر

یەلدا، لەدایكبوونی خواوەندی هەتاو . ! گوڵاڵە كەمانگەر
لەسەر یەلدا و چییەتی میترایی یەلدا، زۆر وتراوە و بیستراوە، بەپێی ئەوەی كە كەوناراناسان و
 مێژووناسان لەم بارەوە وتوویانە، یەلدا وشەیەكی سریانی و بە واتای لەدایكبوونی هەتاو (مێهر)ە و مێهر هەمان میترایە كە خواوەندی خۆرە.
ئەم خواوەندە سرووشتییە چۆتە نێو ئایینی خاچپەرەستییەوە و شەوی لەدایكبوونی میترا لەگەڵ شەوی لەدایكبوونی مەسیح بە هاوكات گریمان كراوە و تەنانەت ئەم روانگەیە درووست بووە كە یەلدا بە مانای لەدایكبوونی مەسیحە. لە كاتێكدا ئەم وشە، باس لە لەدایكبوونی مێهر دەكات.
لێرەدا دوو پرسیار دێتە ئاراوە، یەكەم ئەوە كە چ هۆگەلێك بۆ وەراستگەڕانی ئەم بانگەشەیە لە ئارادایە و لەسەر چ بنەمایەك دەتوانین مەسیحییەت بە پاشماوەی میتراییسم بزانین؟ و دووهەم ئەوە كە، بۆچی لەدایكبوونی هەتاو لە زستاندا كە خۆر لە لاوازترین دۆخیدایە، روو دەدات و بۆچی جێژنە هەتاوییەكان لە وەرزی سەرمادا بەڕێوە دەچن؟
لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا دەبێ بوترێ كە ئەو بەڵگە و نیشانەگەلەی لە ئایینی خاچپەرستیدا هەن، لەسەر میتراییبوونی ئەم ئایینە جەخت دەكەنەوە. لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەی بەرچاو لەم پێكگونجاوییە دەكەین:
1ـ پیرۆزكردنی داری كاج: سەرچاوەی لەدایكبوونی مێهر بەپێی سەرچاوە جۆراوجۆرەكان جیاوازی تێدایە، لە هەندێك لە گێڕانەوەكان، مێهر لە دڵی ئەشكەوتەوە دێ، لە هەندێكی دیكە لە نیلووفەرەوە و لە هەندێكی دیكە لە میوەی كاجەوە.
2ـ سانتاكلاوز: ئەو پیرەپیاوە سوورپۆشەی كە لە ئایینی مەسیحییەتدا، دیاری دەدات بە منداڵان، نموونەی پیاوێكی ئایینی میتراییە و ئەو كڵاوەی لەو شەودا لە سەری دەنێ، هەمان كڵاوی (فەرەجی) میتراییە و رەنگی سووری جلوبەرگەكەی نیشاندەری رەنگی دڵخوازی ئەرتەشتارانە كە هەمان توێژن كە لە لایەن میتراوە پشتیوانییان لێ دەكرێ.
3ـ رێوڕەسمی «تدهین»: نەقشاندنی خاچ لەسەر نێوچاوانی ئیمانداران بە هۆی رۆنی پیرۆزەوە، پاشماوەی رێوڕەسمێكە كە لەودا لەسەر نێوچاوانی ملكەچانی ئایینی میترایی بە هۆی ئاسنێكی سوورۆبووەوە مۆرێكیان هەڵدەكەند. ئەم رێوڕەسمە لە مەسیحییەتدا نەرمتر كراوە و مۆرە ئاسنییە سووربووەكە بە شێوەی سەمبولیك بۆتە نەخشاندن بە هۆی رۆنی پیرۆزەوە.
4ـ تەسلیس: تەسلیسی باوك، كوڕو روحولقۆدۆس، سەرلەنوێ نواندنەوەی تەسلیسی میترایی ئەهورا، میترا و ئاناهیتایە، تەسلیسێك كە لەودا میترا، كوڕی ئەهورا و ئاناهیتایە. لە خاچپەرەستیدا، ئاناهیتا جێی خۆی داوەتە مریەمێك كە پلەی ئاسمانییەكەی لەو وەرگیراوە و دراوەتە روحولقۆدۆسەوە.
5ـ پێوەندی لەگەڵ هەتاو: جگە لە رێكەوتی لەدایكبوونی مەسیح كە لەگەڵ لەدایكبوونی مێهر (خۆری خوداوەند) هاوكاتە، مەسیح لەگەڵ خۆردا پێوەندییەكی دیكەشی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە پلەی عیسا لە ئاسمانی چوارەمدا وێنا دەكرێ و ئاسمانی چوارەمیش لە ئەستێرەناسی كۆندا، ماڵی خۆرە.
لە وەلامی پرسیارەكەی دیكەی ئەم باسەدا كە بۆچی یەكەمین شەوی زستان وەكوو شەوی لەدایكبوونی خۆر ناو نراوە، دەبێ بوترێ كە لە زەینی مرۆڤی رابردوودا، هەموو جێژنەكان، رێوڕەسمەكان و ساڵڕۆژەكان لە پێناو باشتركردنی بژێوی و بە مەبەستی یارمەتی خواستن لە خواوەندەكان بۆ ژیانێكی باشتر بەڕێوە چوون. ئەو چوارچێوە جوغرافیاییەی كە باوەڕمەندان بە ئایینی میترایی تێیدا ژیاون، خاوەنی زستانگەلێكی زۆر دژوار و سارد بووە. لە وەها هەلومەرجێكدا، بوونی خۆر و منداڵەكەی واتا ئاگر بۆ مرۆڤ بە زۆر چارەنووسساز لە قەڵەم دراوە. جێژنە كەوناراییەكان هەموویان كاركردی سیحراوییەكان هەبووە. جێژنی رێزگرتن لە خۆر بە واتای رێزگرتن لە خۆر بە مەبەستی راكێشانی پشتیوانی و سەرنجی ئەو بووە و هەر بۆیە دەبینین كە لە هەموو جێژنە زستانییەكاندا، ئاگر رۆڵی بەرچاو و گرینگی هەیە و هەموو ئەم جێژنانەش لەگەڵ ئیزەدی مێهردا پێوەندییان هەیە. لەو لاوە، لە جێژنە هاوینییەكاندا، ماكەی ئاو بەرچاوە و رۆڵی ئاناهیتا وەكوو خواوەند (مێ)ی ئاو بەرچاوە.
كەوابوو، بەڕێوەبردنی جێژنی لەدایكبوونی مێهر لە زستاندا بە شێوەیەك هاندانی ئەم خواوەندەیە بۆ گەرمابەخشین و پشتیوانی لە ئیمامدارانی لە پێناو تێپەڕاندنی زستانێكی دژواردا.

کوردستان ٥٧١